ڕۆژی شەممە ١٧ی گەلاوێژی ١٤٠٥، لە شاری کۆڵنی وڵاتی ئاڵمان خۆپیشاندانێک دژی هێرشەکانی سپای تێروریستیی پاسداران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بەڕێوە چوو کە لەلایەن هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانەوە ڕێکخرابوو.
سەرەتای کۆبوونەوەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و پاراستنی چەن ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.
دواتر پەیامی هاوبەشی کۆمیتەکانی ئاڵمانی حیزبەکانی هاوپەیمانی کوردستان بە زمانەکانی کوردی و ئاڵمانی لەلایەن بەهار حوسێنی و سەحەر خاڵئاقایی خوێندرایەوە.
پاشان شاعیری نەتەوەیی کوردستان خاڵەقازی وتارێک و شێعری بەناوبانگی «دوو دانە دوو دەبێ بە یەک و نابێ بە چوار»ی پێشکەشی ئامادەبووان کرد.
درێژەی بەرنامەکە بە شێوەیە بوو کە: نیسان نەودینیان پەیامی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران و بێهنام ئیبراهیمزادە پەیامی "کنشگران حقوق بشر ایران"یان پێشکەشی ئامادەبووان کرد.
پەیامی سازمانی موجاهدینی خەلقی ئێران لەلایەن مەجید باقری و پەیامی هاوبەشی یەکییەتیەکانی ژنان، لاوان و خوێندکارانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن زارا یووسفی خوێندرایەوە.
بەرنامەکە بە دروشمی شۆڕشگێڕانەوە و سروودی نیشتمانی کۆتایی پێهات.