کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی نوێنەری حیزب لە کۆبوونەوەی پاڵێوراوی حیزبی لیبراڵی کانادا بۆ پارلەمان

10:44 - 19 گەلاوێژ 2726

ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی گەلاوێژی ١٤٠٥، هاوڕێ سمایل ئیبراهیمی، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کانادا، لە کۆبوونەوەی بەڕێز "بڕێیدەن کێیڵی" جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆکوەزیری کانادا و بەربژێری حیزبی لیبراڵ بۆ پارلەمان بەشداری کرد.
نوێنەری حیزب بە بانگهيشتنی فەرمیی نووسینگەی بەڕێز "کێیڵی" بۆ کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ نوێنەرانی کۆمەڵگەی ئێرانیی کانادا بەشداری ئەو کۆبوونەوە بوو و بەوردی باسی لە هەلومەرجی گشتیی گەلانی ئێران و گەلی کورد بەتایبەتی کرد و بە ئاماژە بە هێرشی تێرۆریستیی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگای هێزە سیاسەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشوور و هەلومەرجی پڕ لە مەترسی بنەماڵەکان بەتایبەت ژنان و منداڵان، داوای کرد حکوومەتی کانادا لە ئاستی نێونەتەوەییدا هەوڵ بدا هەم بۆ سنووردانان بۆ سەرەڕۆییەکانی ڕێژیم و هەم یارمەتی خێرا بۆ بنەماڵە ئاوارەکان لە کەمپەکانی باشووری کوردستان.
لە درێژەی ئەو دانیشتنەدا، نوێنەری حیزب نامیلکەیەکی تایبەت بە تاوان و جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێران دژی گەلی کورد و نەتەوەکانی تری ئێران و چاوەڕوانی و داخوازییەکانی کۆمەڵگەی کوردیی کانادای پێشکەشی بەڕێز "کێیڵی" کرد و ئەویش وێڕای سپاس، بەڵێنی دا خاڵە ئاماژەپێکراوەکان و داخوازی و چاوەڕوانییەکان بگەیەنێتە لایەنە پێوەندیدارەکان بەتایبەت سەرۆکوەزیرانی کانادا.