کۆڵبەرێکی لاوی کورد لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی بانه، بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران گیانی لەدەست دا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا"، بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی گەلاوێژ، "محەممەد تەوحیدپەنا"، کۆڵبەر تەمەن ٢٥ ساڵ، خێزاندار و خەڵکی گوندی "وزمەڵە"ی سەر بە ناوچەی سەرشیوی سەقز لە ئاکامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم لە سنووری "هەنگەژاڵ" گیانی لەدەست دا.
کوردپا لەزاری سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایگەیاند کە هێزەکانی ڕێژیم بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و بە شێوازێکی سەرەڕۆیانە، دەستڕێژی ڕاستەوخۆیان لەم کۆڵبەرە کردووە و لە شوێنی ڕووداوەکەدا دەستبەجێ گیانی سپاردووە.
ئەم ڕووداوە لەکاتێکدایە کە هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران ڕۆژانە بە شێوازێکی دڕندانە و سەرەڕۆیانە، تەقەی ڕاستەوخۆ لە کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد دەکەن.
سیاسەتی سەرکوتکارانەی کۆماری ئیسلامی و تەقەی سەرەڕۆیانەی هێزەکانی ڕێژیم لە ناوچە سنوورییەکان، ساڵانە دەبێتە هۆی کوژران و برینداربوونی سەدان کۆڵبەری کورد کە تەنیا بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانی بنەماڵەکانیان ڕوو لەو کارە سەخت و پڕمەترسییە دەکەن.