بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی هەنگاو، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، مامۆستا لەتیف سەبری، پێشنوێژی مزگەوتی شاریكەندیی مەهاباد و ئاوات کەرەمی، هاووڵاتیی کورد و چالاکی ژینگەپارێز لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، ئێوارەی دووشەممە ۱۹ی گەلاوێژ، مامۆستا سەید لەتیف سەبری، پێشنوێژی مزگەوتی شاریكەندیی مەهاباد لە گۆڕەپانی کاتژمێری ئەم شارەدا دەسبەسەر کرا.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، هێزەکانی ڕێژیم بە شەش ماشینەوە هێرشیان کردووەتە سەر شوێنی ناوبراو و دوای دەسبەسەرکرانی، بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.
جێگای ئاماژەیە کە، بەدواداچوونی بنەماڵەی ناوبراو بە مەبەستی ئاگاداربوون لە بارودۆخی هەتا ئێستا بێئاکام ماوەتەوە.
هەروەها هەنگاو لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا باسی لە دەسبەسەرکرانی هاووڵاتیی کورد و چالاکێکی ژینگەپارێز بە ناوی ئاوات کەرەمی خەڵکی ئاوایی نگڵ سەر بە شاری سنە کردووە.
هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، دوای هەڵکوتانە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە بە پەنابردنە بەر توندوتیژی و بەستنەوەی دەست و قاچی، بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەسبەسەرکران، تۆمەتە وەپاڵدراوەکان، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە.