کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی ڕەوتی پێشێلکارییە مافی مرۆییەکان لە کوردستان

09:33 - 21 گەلاوێژ 2726

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "خۆڕاگری"، زانیار فەتحی، هاووڵاتیی خەڵکی “سەردۆش”ـی مەریوان و "ئاسۆ عەبدوڵڵاهی"، هاووڵاتیی خەڵکی سەردەشت، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەسبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی خۆڕاگری، ڕۆژی هەینی، ١٦ی گەلاوێژ، زانیار فەتحی، هاووڵاتیی خەڵکی ئاوایی “سەردۆش”ـی سەر بە شاری مەریوان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەبێ بەڵگەیەکی یاسایی دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە و چارەنووسی ناڕوونە.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی خۆڕاگری، ڕۆژی سێشەممە، ٢٠ی گەلاوێژ، ئاسۆ عەبدوڵڵاهی، هاووڵاتیی خەڵکی ئاوایی “شەمۆڵە”ـی سەر بە شاری سەردەشت، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە بەبێ بوونی بەڵگەی یاسایی، بەشێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

 سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی ناوبراواندا، هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە و هەواڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکەنیشیان بێئاکام ماوەتەوە.