کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی لاوان ئاماری تاوانەکانی ڕێژیمی ئێرانی بەرانبەر لاوان لە مانگی جوولایدا بڵاو کردەوە

11:06 - 21 گەلاوێژ 2726

کۆمیتەی مافی مرۆڤی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ڕاپۆرتێکدا، ئاماری پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی تایبەت بە لاوانی بۆ مانگی جوولای ٢٠٢٦ بڵاو کردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە سەرەتای مانگی جوولاییەوە تا کۆتایی مانگ، شەپۆلێکی توندی ڕەشبەگیری، لەسێدارەدان و بەئامانجگرتنی هاووڵاتییان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تۆمار کراوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، لانیکەم ٢٧ لاوی کورد دەسبەسەر کراون کە ئامارەکەیان بریتییە لە: ٦ کەس لە مەهاباد، ٣ کەس لە ڕوانسەر، ٣ کەس لە پاوە، ٢ کەس لە کامێران، ٢ کەس لە ئیلام، ٢ کەس لە کرماشان، کچێکی ٢٧ ساڵە لە سنە و لە شارەکانی شاباد، بیجاڕ، جوانڕۆ، بۆکان، سەردەشت، سەقز و خوراسانیش لە هەریەکەیان ١ کەس.

هاوکات لانیکەم ١٠ لاوی کورد لە دادگاییکردنێکی نادادپەروەرانەدا و بەبێ دواچاوپێکەوتنی بنەماڵەکانیان لە سێدارە دراون.

هەروەها ٤ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم کوژراون: سەلاح خۆشنەمەک (١٨ ساڵ) لە مەریوان، سۆهەیل فیردەوسی (١٨ ساڵ) لە نەوسوود، زانیار ئێراننژاد لە سەردەشت و ڕەسوول قەلەندەری (٢١ ساڵ) لە کۆتۆل.

جگە لەوانە، لە ڕێگەی بانە-مەریوان بە تەقەی هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران، چالاکی مەدەنی مەهدی تەوەکولی لەگەڵ سومەیەی خوشکی و مریەمی دایکی گیانیان لەدەست دا. لە سەوڵاواش مێرمنداڵێک بە ناوی سام حەسەنی (١٥ ساڵ) کوژرا و ئەحسەنی باوکی بەسەختی بریندار بوو.