کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەپاندنی سزای قورسی بەندکران، دوورخرانەوە و لێدانی قامچی بەسەر کچە کوردێکی خەڵکی قوروەدا

08:45 - 22 گەلاوێژ 2726

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆژی چوارشەممە، ٢١ی گەلاوێژ، تارا فەرھەنگییان، هاووڵاتیی خەڵكی شاری قوروە، لەلایەن دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمەوە هاوکات چەند سزای قورس وەک بەندکران، لێدانی قامچی و دوورخرانەوەی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی خۆڕاگری، تارا فەرهەنگییان، خوێندکاری تەمەن ٢١ ساڵانی بەشی وەرزشیی زانکۆی هەمەدان، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی ڕێژیم لە قوروە، بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی گشتی" و "سەرپێچی لە فەرمانی هێزە چەکدارەکان"، سزای ساڵێک بەندکرانی داسەپاو، ٣١ لێدانی قامچی و ٢ ساڵ دوورخستنەوەی بۆ شاری “زابول” لە پارێزگای سیستان و بەلووچستانی بەسەردا سەپێندراوە.

ناوبراو لە دۆسییەیەکی دیکەدا بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم" و "پیلانگێڕی بۆ تێکدانی ئاسایشی گشتی"، سزای پێبژاردنی ١٢٠ میلیۆن تمەن پارەی وەک پێبژاردنی بەسەردا سەپێندرابوو.

هەروەها ئەو کچە کوردە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤دا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو و پاش ماوەیەک لە دەسبەسەرکرانی، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.