بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی هاواهەنگیی ڕێکخراوە پیشەیییەکانی مامۆستایانی ئێران، لێژنەی پێداچوونەوەی وەزارەتی پەروەردەی ڕێژیم پاش لێکۆڵینەوەی دووبارە لە دۆسییەی سێ چالاکی دیاری مامۆستایانی پارێزگای سنە، سزای نوێی بەسەردا سەپاندن.
بەپێی بڕیارە نوێیەکان، سزای دەرکردنی هەمیشەیی "مەجید کەریمی" و "غیاس نێعمەتی" گۆڕدراوە بۆ "کڕینەوەی خزمەت" (بازخرید)، هەروەها سزای "جەهانگیر بەهمەنی" لە دەرکردنەوە کەم کراوەتەوە بۆ شەش مانگ دابڕان لە کارەکەی.
ئەنجومەنی هاواهەنگی ڕایگەیاندووە کە لیژنەکە بێ بانگکردنی مامۆستایان بۆ بەرگریکردن لە خۆیان و تەنیا بە پشتبەستن بە دۆسییەکانی پێشوویان ئەم بڕیارەی داوە.
هەروەها ڕوونی کردەوە کە سزای کڕینەوەی خزمەت لە کردەوەدا بە واتای وەدەرنانی یەکجارەکیی ئەم مامۆستایانە لە پۆلەکانی درس و بڕینی مووچەکەیانە.
ئەم سزایانە لەکاتێکدا دەرچوون کە پێشتر لە پووشپەڕی ڕابردوودا سزاکانی پێشوویان هەڵوەشێنرابووەوە و ئەو سێ مامۆستایە بە شێوەیەکی کاتی گەڕابوونەوە سەر کارەکانیان.