کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی پێشێلکارییە مافی مرۆییەکانی کوردستان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا

10:26 - 23 گەلاوێژ 2726

لە درێژەی پێشێلکارییە مافی مرۆییەکانی ڕێژیم لە کوردستان، ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان باسیان لە دەسبەسەرکرانی چەند هاونیشتمانییەک و کوژرانی کۆڵبەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم کردووە.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "خۆڕاگری"، ڕۆژی چوارشەممە، ٢١ی گەڵاوێژ، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران لە شاری مەشهەد، شاهۆ (ئیبراهیم) زیرەک، هاووڵاتیی کوردیان بەشێوەیەکی دڕەندانە و بەبێ نیشاندانی بەڵگەیەکی یاسایی دەسبەسەر کردووە و هەتا ئێستا چارەنووسی نادیارە.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی هەنگاو، هاونیشتمانییەکی خەڵکی میاندواو بە ناوی شوانە دیوازی لە ئەنجامی هەڵکوتانی شەوانەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆ سەر ماڵی تایبەتیی خۆی لە ئاوایی سەرچناری ئەم شارە، دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

هەروەها هەنگاو باسی لە دەسبەسەرکرانی سدیق کەریمی، هاونیشتمانییەکی خەڵکی بۆکان، لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەی کردووە و دوای دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

هەنگاو لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا ڕایگەیاند کە کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی مووسا زیباپوور، خەڵکی شاری پیرانشار و باوکی سێ منداڵ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران لە بەرزاییە سنوورییەکانی شاری بانە کوژرا.

جێگای ئاماژەیە کە، مووسا زیباپوور پێشتریش لە ڕەوتی تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمەوە لە سنووری «ماشکان»ی پیرانشار بەسەختی بریندار کرابوو.