"مێهدی ڕەوشەنی"، بەندکراوی سیاسیی کورد و لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی شاری "مەڵکشایی"، دوای دەسبەسەرکردنەوەی لە کۆتاییەکانی پووشپەڕدا، لەلایەن دادگای گشتی و ئینقلابی ڕێژیم لە ئیلام بە "موحاربە" و "افساد فیالارض" تۆمەتبار کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، مێهدی ڕەوشەنی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام بەند کراوە و دۆسییەکەی بەهۆی ڕاگەیاندنی ئەم تۆمەتە قورسانەوە لە قۆناغی لێپرسینەوەدایە، کە مەترسیی دەرچوونی سزای قورسی وەک لەسێدارەدانی لەسەر دروست دەکات.
مێهدی ڕەوشەنی لە ٢٧ی پووشپەڕی ئەمساڵ بۆ جارێکی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام گوازراوەتەوە.
ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردە دوای گواستنەوەی، دۆسییەیەکی نوێی بۆ وەگەڕ خراوە و لە لقی ٦ی لێپرسینەوەی دادگای گشتیی ئیلام تۆمەتەکانی "موحاربه" و "افساد فیالارض"ی پێ ڕاگەیەندراوە.
ناوبراو پێشتریش لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی شاری مەڵەکشاییدا دەسبەسەر کرابوو و دوای سێ مانگ بە بارمتە ئازاد کرا.
دادگای ئینقلابی ڕێژیم سەرەتا سزای سێ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاندبوو، بەڵام دواتر سزاکەی بۆ ٩ مانگ بەندکردن کەم کرابووەوە.