حوکمی لەسێدارەدانی "ئاروین خێرخاهان"، لاوی تەمەن ۱۹ ساڵان و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ۱۴۰۴، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە ۱۰ی گەلاوێژی ۱۴۰۵ لە بەندیخانەی شاهروود جێبەجێ کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "هێرانا"، ئاروین خێرخاهان پێشتر لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە شاهرود بە تۆمەتی "موحاربه" حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو، کە هەمان حوکم لە دیوانی باڵای ڕێژیم بێ گۆڕانکاری پەسەند کرابووەوە.
کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی خێرخاهان بە هێرانای ڕاگەیاندووە کە بەرپرسانی بەندیخانە تا ئێستا تەرمی ئەو لاوەیان ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکردووەتەوە و پێیان ڕاگەیاندوون بەرەبەیانیی سبەی بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکەی ئامادە بن و پێویستە ڕێوڕەسمی ناشتنی بە شێوەیەکی خێرا بەڕێوە بچێت.
ئەم حوکمە لەکاتێکدا جێبەجێ کراوە کە زانیاریی ورد لەسەر شێوازی دەسبەسەرکردن، مافی هەبوونی پارێزەری سەربەخۆ و بەڵگەنامەکانی دادگا لەبەر دەستدا نییە.
خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ۱۴۰۴ کە لە بازاڕەکانی تارانەوە دەستی پێکرد و سەرانسەری ئێرانی گرتەوە، ڕووبەڕووی سەرکوتکردنی توند لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بووە و هەزاران کوژراو، بریندار و دەسبەسەرکراوی لێکەوتەوە.