لە درێژەی ڕەوتی دەسبەسەرکرانی بەکۆمەڵ و ڕەشبگیریی هاونیشتمانییانی کوردستان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، دوو هاونیشتمانیی دیکەی لە مەهاباد و بۆکان دەسبەسەر کران و چارەنووسیان نادیارە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، «ئەمیر سولەیمانی»، هاونیشتمانیی تەمەن ٤٤ ساڵانی خەڵکی ئاوایی «خوڕخوڕە» سەر بە ناوچەی «شاروێرانی» مەهاباد و لە ئەندامانی بنەماڵەی چالاکوانانی سیاسیی دەرەوەی ئێران، بەشێوەیەکی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە؛ سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٢٤ی گەلاوێژ، ئەو هاونیشتمانییە بە هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیمەوە بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و بەکۆمەڵی هاونیشتمانییانی بۆکانی لە ڕۆژانی ڕابردوودا، «زەکەریا باسار»یش، دەسبەسەر کرا.
ناوبراو دوای ئەوە دەسبەسەر کرا کە باوکی، «ئیسماعیل باسار» دەسبەسەر کرابوو و هێزە بەناو ئەمنییەکانی ڕێژیم ڕایانگەیاندبوو تا کاتێک «زەکەریا باسار» خۆی ڕادەستی دامەزراوە ئەمنییەکان نەکات، باوکی ئازاد ناکرێت. بەم حاڵەشەوە، تا ئێستا هەردووکیان لە گرتنگەی ئیدارهی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە بۆکان ماونەتەوە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکارەکانی دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاونیشتمانییانە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمیش لەمبارەیەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.