کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ، هەشتاویەکەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکرات، پەیامێکی لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
بەبۆنەی ٨١ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و یادی پڕشکۆی ٢٥ی گەلاوێژەوە، پیرۆزبایی بە کوردستانیانی هێژا دەڵێم.
دامەزرانی حیزبی دێموکرات، وەرچەرخانێکی گرینگە لە بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستاندا؛ حیزبێک کە کۆمەڵی کوردەواریی بۆ گەیشتن بە مافە نەتەوەییەکانی ڕێک خستووە و زیاتر لە ٨٠ ساڵە نوێنەرایەتیی هزری کوردستانی و نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی نیشتمان دەکات.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە پەیڕەوکردنی پرەنسیپە فکرییە نەگۆڕەکانی وەک سەربەخۆیی سیاسی، واقعبینی، ڕاستگۆیی، پشتئەستووربوون بە خەڵک و گرێدانی چارەنووسی بزووتنەوەکە بە وزە و هێزی نێوخۆی ڕۆژهەڵاتەوە، توانیویەتی لە ڕێبازی نەتەوەیی و دێموکراتیکی خۆی سوور و بەردەوام بێت. هەر ئەم تایبەتمەندییانەش، سەرباری هەموو ئاستەنگ و کێشەکانی سەر ڕێی خەبات، وای کردووە مێژوویەکی پڕ سەروەریی ٨١ ساڵە بۆ نەتەوەکەمان تۆمار بکات.
لەم یادە پیرۆزەدا، وێڕای پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە مەزنە، سەری ڕێز دادەنوێنین بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان و بنەماڵە سەربەرزەکانیان، بەتایبەتی شەهیدانی ڕێبەرمان پێشەوا قازی محەممەد، دوکتۆر قاسملوو، دوکتۆر شەرەفکەندی و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری و سەربەستی.
سڵاو لە ئیرادەی لەشکاننەهاتووی زیندانییانی سیاسیی خۆڕاگر.
سڵاوی وەفا بۆ هەموو ئەو تێکۆشەرانەی کە لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدا تەمەنی خۆیان بۆ خەبات تەرخان کردووە.
مستەفا هیجری
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠٥ی هەتاوی