بەپێی ڕاپۆرتە مافی مرۆییەکان، لە درێژەی دەسەبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی هاونیشتمانییان، هونەرمەندێک و هاونیشتمانییەکی دیکە لە کوردستان دەسبەسەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٢٤ی گەلاوێژ، مەسعوود ئالانی کۆنەقەڵا، گۆرانیبێژی ناسراوی کورد و خەڵکی ئاوایی «سینگان» و دانیشتووی شاری شنۆ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە و بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی، لە یەکێک لە کافەکانی ئەو شارەدا دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بەپێی زانیارییەکانی کوردپا، دوای دەستبەسەرکرانی ناوبراو، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی لە شنۆ و بەبێ هیچ مۆڵەتێکی یاسایی، مۆبایلی هاوسەر و کچەکەیان بردووە.
هەتا بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەو هاونیشتمانە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
شایانی باسە مەسعوود ئالانی پێشتریش چەندین جار بەهۆی خوێندنی گۆرانی و بەرهەمی نیشتمانییەوە دەسبەسەر کرابوو.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢٠ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی «نیما ڕەسووڵزادە»، لاوی خەڵکی میاندواو و گواستنەوەی بۆ یەکێک لە گرتنگە بەناو ئەمنییەکانی ڕێژیم لە ورمێ، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە. ئەم هاوڵاتییە کوردە لەم ماوەیەدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، دیدار و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.
ئەو لاوەی خەڵکی ئاوایی «گامێشگولی»ی میاندواو، ڕۆژی ٥ی گەلاوێژی ١٤٠٥، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و پاشان بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ورمێ ڕاگوێزرا.
شایانی باسە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ٦ هاونیشتمانی خەڵکی بۆکان بە هۆکاری نادیار دەسبەسەر کران و هەتا ئێستاش سەبارەت بە چارەنووسیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.