ڕۆژی شەممە ٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠٥، کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید وێبینارێکی بۆ هاوڕێ "کەریم پەرویزی" ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەرپرسی تەشکیلاتی ئاشکرای حیزب پێکهێنا.
وێبینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.
بەڕێز پەرویزی لە باسە چەند تەوەرییەکەی خۆیدا باسی هەلومەرجی کاتی دامەزرانی حیزبی دێموکرات کرد کە پەیامی نەتەوەیی ئەو حیزبە هەر لە سەرەتای دامەزرانییەوە تا ئەمڕۆ وای کردووە دوای زیاتر لە ٨ دەیە خەبات هێشتا گەورەترین حیزبی خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێت.
ناوبراو باسی پیلان و شەڕەنگێزیانەی ڕێژیمەکانی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی بۆ لەمەیدان دەرکردنی ئەم حیزبە کرد و رایگەیاند کە بەهۆی ئەوەی کە ئەو حیزبە ڕەوایەتی خۆی لە سەرچاوەی بێبنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان وەردەگرێ تا ئێستا هەروا سەربەرزانە لە مەیداندا ماوەتەوە و هەرواش دەمێنێتەوە.
ڕووداو و پێشهاتەکان بە درێژایی تەمەنی حیزبی دێموکرات نیشانی داوە کە ئەو حیزبە توانای خۆگونجاندن لەگەڵ هەلومەرجی سیاسیی کوردستان و ناوچەکەی هەیە و بە خوێندنەوە و پێشبێنیی ورد بۆ ڕووداوەکان توانای بەڕێوەبردنی هەموو شێوازە گونجاوەکانی خەباتی هەیە. ئەوە بەو مانایە نییە کە خەباتی چەکداری کەم بایەخ بکرێتەوە. خەباتی چەکداری شێوازێک لە خەباتە کە بە سەر گەلی کورد و حیزبی دێموکراتدا سەپاوە و گەلەکەمان بۆ بەرگری لە خۆی و لەپێناو وەدەستهێنانی مافە ڕەواکانیدا پەنای بۆ خەباتی چەکداری بردووە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بەڕێز پەرویزی وتی: "حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە هاوکاری لە گەڵ هێزە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان لە هەوڵی بەخشینی مۆڕکێکی نەتەوەیی گشتگیر بە هەموو شێوازەکانی خەباتی خەڵکی کوردستانن. لەو پێناوەدا
تەنیا مافی هاووڵاتیبوون بۆ گەلەکەمان بەس نییە، بەڵکوو گەلەکەمان دەبێ لە چوارچێوەی جۆغرافیایی شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیدا مافی بڕیاردانی لەبارەی چارەنووسی خۆی هەبێت.