لە درێژەی ڕەوتی ڕەشبگیری و دەسبەسەرکرانی هاونیشتمانییان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە، ژنێکی خەڵکی ورمێ بە ناوی "پەروین (ئەختەر) ڕاسق قزڵباش"، پاش نزیک بە دوو مانگ دەسبەسەرکرانی، چارەنووسی نادیارە و هەروەها داریوش ڕەحیمی، هاونیشتمانیی خەڵکی سنە بەبێ هۆکار دەسبەسەر کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ۲۴ی گەلاوێژ، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، بەبێ بەڵگەی یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی داریووش ڕەحیمی و بە پەنابردنە بەر توندوتیژی دەسبەسەریان کردووە.
بە وتەی سەرچاوە نزیکەکان لە بنەماڵەی ڕەحیمی، هێزەکانی ڕێژیم، وێڕای پشکنینی ماڵی ئەو هاونیشتمانییە، دەستیان بەسەر مۆبایلی ناوبراو و هاوژینەکەیدا گرتووە.
هەتا بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەسبەسەرکران، تۆمەتە وەپاڵدراوەکان و شوێنی ڕاگرتنی ئەو هاونیشتمانییە لەبەر دەستدا نییە.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی ئەم ڕێکخراوە، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ۵۰ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی پەروین ڕاسق قزلباش، هاونیشتمانیی کورد و خەڵکی ماکۆ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە ورمێ، چارەنووسی ناڕوونە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، پەروین ڕاسق قزلباش، تەمەن ۳۳ ساڵ خەڵکی ماکۆ، ڕۆژی یەکشەممە ۷ی پووشپەڕ، لە شاری ورمێ دەسبەسەر کراوە.
سەرەڕای سەردان و بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی ناوبراو بۆ ناوەندە بەناو ئەمنی و دادوەرییەکانی ڕێژیم لە ورمێ و ماکۆ، ئەم ناوەندانە خۆیان لە هەر جۆرە وەڵامدانەوەیەک سەبارەت بە باری تەندروستی، تۆمەتە پاڵدراوەکان و شوێنی ڕاگرتنی دەبوێرن.