ڕۆژی شەممە ٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠٥، لەلایەن کۆمیتەی ئۆتریشی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، ڕێوڕەسمێک بەبۆنەی پیرۆزکردنی ٨١ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکرات بەڕێوە چوو.
کوردانی هەموو بەشەکانی کوردستان و هەروەها نوێنەرایەتیی زۆربەی حیزبە کوردستانییەکان بەشدارییان لەو ڕێوڕەسمەدا کرد.
کاک حوسەین خاڵخاڵ وەک بەڕێوەبەری ڕێوڕەسمەکە پاش بەخێرهاتن و پیرۆزبایی لە بەشداران، ڕیزبەندی ڕێوڕەسمەکەی ڕاگەیاند.
لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا سروودی نیشتمانیی ئەی ڕەقیب پێشکەش کرا و بەشداران بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی گەل و نیشتمان خولەکێک بە پێوە ڕاوەستان.
دواتر پەیامی کۆمیتەی ئۆتریشی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن دوکتور جەزا ساڵحییەوە پێشکەش کرا؛ لە پەیامی کۆمیتەی حیزبدا سەرەڕای بەخێرهاتن و پیرۆزبایی لە بەشداران ئاماژە بە چەند خاڵێک درابوو وەک: سەردەمی ئاڵۆزی پاش شەڕی دووهەمی جیهانی، دۆخی سیاسیی ئێران و کوردستان لەو سەردەمەدا، پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی خەڵکی کوردستان و پێویستیی دامەزرانی حیزبێکی پێشکەوتوو و سەردەمیانە کە بتوانێ خەباتی خەڵکی کوردستان لەپێناو گەیشتن بە مافە نەتەوایەتی و پێشێلکراوەکانیدا ڕێبەرایەتی بکات و دامەزرانی حیزب لەلایەن پێشەوای نەمر و هاوڕێیانی لەسەر ئەساسی ئەم پێویستییە مێژووییە و دامەزرانی یەکەمین کۆماری کوردستان لە ماوەیەکی کورتی پاش دامەزرانی حیزب.
لە پەیامی کۆمیتەدا هەروەها باس لە سێ قۆناغی جیاواز لە مێژووی حیزب وەک
یەکەم قۆناغی پاش ڕووخانی کۆماری کوردستان و لەسێدارەدانی ڕێبەران و ئەندامانی حیزب و دەسپێکی خەباتی نهێنیی حیزب لەژێر گوشاری نیزامی سەڵتەنەتیی
دووهەم و قۆناغی دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداریی ساڵەکانی ٤٧_٤٦ و پێوەندیی ڕاستەوخۆی خەباتگێڕان بە ئەندامان و تەشکیلاتە نهێنییەکانی حیزب و چاندنی تۆوی هیوا و هومێد بۆ جارێکی تر لە دڵی خەڵکی کوردستان و شەهیدبوونی پۆلێک لە شۆڕشگێڕانی حیزب لەم سەردەمە و هەروەها سێهەم قۆناغی پاش ڕووخانی ڕێژیمی شا و هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی وەک درێژترین قۆناغ لە مێژووی حیزبدا کرابوو.
لە پێوەندی لەگەڵ خەباتی حیزب لە سەردەمی دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامیدا ئاماژە بە چەند خاڵێک کرابوون، وەک فەرمانی جیهادی خومەینی دژی خەڵکی کوردستان و ڕاگەیاندنی شەڕ و بڕیاری حیزب بۆ پارێزگاری لە خەڵکی کوردستان و شەڕی سێ مانگە و وەشاندنی زەبری قورس لە هێزی پۆشتە و پەرداخی ڕێژیم و ناچارکردنی خومەینی بە ڕاگەیاندنی ئاگربەست، سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی لەلایەن ڕێژیم و دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی دەوروبەر و بوونە هۆکاری چەندین شەڕ لە ناوچەکەدا وەک شەڕی ئێران و عێراق، دەستتێوەردانی ڕاستەوخۆ لە شەڕی سووریە، شەڕ لە لوبنان، فەلەستین و هەروەها یەمەن سیاسەتی دوژمنکارانە بەرانبەر بە ئامریکا و سیاسەتی سڕینەوەی ئیسرائیل لەسەر نەخشەی جیهان وەک هۆکاری شەڕی ئێستای نێوان ئامریکا و ئیسرائیل لەلایەک و ئێران لەلایەکی تر و هەروەها شەڕی کۆماری ئیسلامی دژ بە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە و هەڵویستەکانی حیزب لە پێوەندی لەگەڵ شەڕخوازیی کۆماری ئیسلامی
لە کۆتاییدا هێرشەکانی ئەم دواییانەی سپای پاسداران بە درۆن و مووشەک بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کەمپی پەنابەرانی کوردی ڕۆژهەڵات لە باشوور و تەنانەت بۆردومانی چەند شوێنێک لە باشووری کوردستان کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هیچ پێوەندییەکیان بە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە نییە، گومانی تێدا نییە کە بۆردمانەکانی ئەمجارەش ناتوانێ تۆزقاڵێک لە ورەی پێشمەرگە کەم کاتەوە و کۆماری ئیسلامی کە نەیتوانیوە پاش ٤٨ ساڵ شەڕ دژی پێشمەرگە بە ئاواتی گڵاوی خۆی واتە نەمانی پێشمەرگەیە بگات ئەمجارەش سەری دەدا لە بەرد و بۆردمانەکانی ئەمجارەش بچووکترین کاریگەری لەسەر ورەی پێشمەرگە دانانێت و خەباتی پێشمەرگە و حیزب تا لەناوچوونی کۆماری ئیسلامی و گەیشتنی خەڵکی کوردستان بە ئاواتە لەمێژینەکانی درێژەی دەبێ.
پاشان نوێنەرانی بەشێک لە ڕێکخراوە کوردستانییەکان کە بەشداری ڕێوڕەسمەکە بوون پەیامی پیرۆزباییان پێشکەش کرد.
کاک محەممەد شەریف بە نوێنەرایەتیی پارتی دێموکراتی کوردستان، کاک ئەویندار بە نوێنەرایەتیی پارتی دێموکراتی کوردستانی سووریە، کاک نزار بە نوێنەرایەتیی پارتی یەکیەتیی کوردستانی سووریە، کاک محەممەدئەمین بە نوێنەرایەتیی پارتی دێموکراتی پێشڤەڕۆی کوردی سووریە.
ئەم ڕێکخراوانەی خوارەوەش سەرەڕای بەشداربوونی نوێنەرانیان پەیامی پیرۆزباییان بۆ کۆمیتەی حیزب ناردبوو: فێدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی ئاوستریا، پارتیا گەلێ کوردستانی سووریە، ڕێکخراوی یارسان، پارتیا وەک هەڤێ، ماڵا کۆبانی، ڕێکخراوی ماڵی ئێزیدیان، ماڵی کوردان، هیئت مدیریە انجمن فرهنگی و دمکراسی جمهوریخواهی در اتریش.
گۆرانیبێژی دەنگخۆش کاک محەممەد تاهوو و مۆسیقار کاک سۆران ڕەحمانی بانگهێشتی ڕێوڕەسمەکە کرابوون و کەشێکی خۆشیان دروست کرد کە جێگای ڕەزامەندیی بەشدارانی ئاهەنگەکە بوو و ئاهەنگەکە پاش پێنج سەعات بە شادی و هەڵپەڕکێی بەشداران کۆتایی پێ هات.