ڕۆژی شەممە ٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠٥، سێمینارێک بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ ٨١ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری فرانکفۆرت بەڕێوە چوو.
سێمینارەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد و پاشان لەلایەن پێشکەشکاران ڕۆژان تاسە و ساسان خاتوونییەوە بەخێرهاتنی میوانان کرا و پانێلی یەکەم دەستی پێکرد.
لە پانێلی یەکەمدا بەڕێزان خاتوو ئێلهام چایچی ئەندامی حیزبی دێموکرات، کاک خالید حەسەنپوور چالاکی سیاسی و دوکتور ئازاد محەممەدیانی ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکرات بەشدار بوون.
خاتوو ئێلهام چایچی بابەتێکی لەژێرناوی "ڕۆڵی ژنان لە دامەزراندنی حیزبی دێموکرات" پێشکەش کرد.
پاشان کاک خالید حەسەنپوور بابەتێکی لەژێر ناوی "مێژووی حیزبی دێموکرات لە سێ قۆناغدا" پێشکەش کرد.
دواتر دوکتور ئازاد محەممەدیانی بابەتێکی لەژێرناوی "حیزبی دێموکرات، ستراتێژی و گۆڕانکارییەکان" پێشکەش کرد.
لە کۆتایی سێمینارەکەدا لەلایەن بەڕێوەبەری پانێل ئاماژە بە ناوی ئەو حیزب و ڕێکخراوانە کرا کە بەشدار بوون و بریتی بوون لە: کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، پارتی ئازادی کوردستان PAK، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان PJAK، حیزبی چەپی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران، پارتی سۆسیالیستی کوردستان (باکوور)، پارتیا وڵات پارێزێن کوردستانێ (ڕۆژاوا)، تەڤگەرا ئازادیا کوردستانا سوریا ، پارتیا یەکیەتیا دێموکراتا کورد لێ سوریا، ئەنجوومەنی برینداران و دادخوازانی بزووتنەوەی ژینا، کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لایەنی کاک سەلاح مازووچی (پەیام)، ڕێکخراوی جیهانی کورد (پەیام) و ناوەندی هاوکاری حیزبە کوردستانیەکانی ئاڵمان (پەیام).
بەشی یەکەمی سێمینارەکە بە خوێندنەوەی پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن خاتوو مریەم مەسعوودی کۆتایی پێهات.
بەشی دووهەمی سێمینارەکە بە خوێندنەوەی پەیامی ناوەندی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان لەلایەن کاک کەماڵ محەممەدی دەستی پێکرد و بە خوێندنی چەند سروودێک لەلایەن هونەرمەند «کاک خەبات مودەڕسی» و خوێندنەوەی چەند شێعر و هۆنراوەیەک لەلایەن «خاڵە قازی»یەوە بەردەوام بوو.
پاشان پانێلی دووهەم تایبەت بە شۆڕشی ژینا دەستی پێکرد .
میوانانی ئەو بەشە بە شێوەی خوارەوە بوون : خاتوو ڕادا فاتحی خوشکی شەهید ڕامین فاتحی لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە سنە، کاک هیوا حوسێنپووری برای شەهید دوکتور ئازاد حوسێنپووری لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە مەهاباد، کاک ئاریا ئوستادئیبراهیمی برینداری شۆڕشی ژینا و ئەندامی ئەنجومەنی برینداران و دادخوازانی بزووتنەوەی ژینا، کاک ئەرەستوو پاسیار برینداری شۆڕشی ژینا و ئەندامی ئەنجومەنی برینداران و دادخوازانی بزووتنەوەی ژینا.
هەر چوار بەشداربوو وێڕای پیرۆزبایی ٨١ـەمین ساڵیادی دامەزراندی حیزبی دێموکرات باسیان لە بزووتنەوەی ژینا و بارودۆخی خۆیان و بنەماڵەکانیان لەو سەردەمەدا کرد.
دواتر هونەرمەند کاک زاگرۆس (فیرووز) میرانی یەکێکی تر لە بریندارانی شۆڕشی ژینا چەند سروودی شۆڕشگێڕانەی پێشکەشی ئامادەبووان کرد و هەروەها کاک پەرویز شێخی دوو هۆنراوەی خوێندەوە.
سێمینارەکە بە کورتە شێعرێک لەلایەن بەڕێوەبەری بەرنامەکەوە کۆتایی پێهات.