کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ٢٥ی گەلاوێژ لەلایەن کۆمیتە ناوچەکانی ئۆسلۆ و ڕۆمەریکە

11:56 - 26 گەلاوێژ 2726

ڕۆژی شەممە ٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠٥، جێژنی ٢٥ی گەلاوێژ ساڵڕۆژی دامەزراندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان و ئۆگران و کوردانی دانیشتووی ئەو دەڤەرە بەڕێوە چوو.
ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگەیاندنی بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کورد و کوردستان، لەلایەن پێشکەشکاری ڕێوڕەسمەکە خاتوو تاڤگە فەرەجییەوە دستی پێکرد.
دواتر پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ لەلایەن بەڕێز سەردار فەیزی بەرپرسی کۆمیتە ناوچەی ئۆسڵۆ خوێندرایەوە.
لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا لەلایەن دایە فاتمە ئەندامی دێرینی حیزب و هاوسەری شەهیدێکی حیزبەوە بۆ پیرۆزبایی ئەو ڕۆژە و ڕێزگرتن لە زەحمەتی کۆمیتەی حیزب لەو ناوچەیە، چەپکەگوڵی ڕێز و وەفاداری پێشکەش بە کۆمیتە ناوچەکە کرا.
هەر لەو ڕێوڕەسمەدا ڕێز لە دایە بەهجەت ئەردەڵان وەک بە تەمەنترین ئەندامی بەشدار گیرا کە ٦٧ ساڵە ئەندامی حیزبە و بنەماڵەی شەهیدە .
لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕسمەکەدا پەیامی هاوبەشی ڕێکخراوە مەدەنییەکان لەلایەن بەرپرسی یەکیەتیی ژنان خاتوو ڕەعدە پاڵانییەوە خوێندرایەوە.
لە پەیامەکەیاندا وێڕای پیرۆزبایی و ڕێز لە خەبات و تێکۆشانی ئەو مێژووە پڕ سەروەری و قوربانیدانە، ئاماژە بە ڕۆڵ و دەوری ژنانی خەباتگێڕ و یەکسانیخواز و لاوانی ئاگا و وشیاری کومەڵگەی کوردستان لە ڕۆژهەڵەتی کوردستان کرا.
لە درێژەی ڕێوڕەسمی ٢٥ی گەلاوێژدا پێشمەرگەی دێرین کاک مەتین عەزیزپەنا پەیامی ناوەندی پێشمەرگە دێرینەکانی پێشکەش کرد.
هاوکات لە گەڵ پیرۆزبایی ئەو ڕۆژە مێژووییە و ڕێزگرتن لە خەبات و فیداکاریی کادر و پێشمەرگەکانی ئەو حیزبە و پشتیوانی بێدرێغی گەلی کورد لەو حیزبە، پەیمانی وەفا و بەڵێنی پشتیوانی لە حیزب دووپات کرایەوە و وتیان ئێمە وەک کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی دێموکرات پەیمان نوێ دەکەینەوە تا سەرکەوتنی یەکجاری بە هەموو وزە و توانا و ئەزموونی خۆمانەوە لە پشت حیزب و گەلی کورد دەمێنینەوە.
لە نێوان بڕگەکانی ڕێوڕەسمەکەدا چەند شێعر و پەخشانی حەماسی و نیشتمانی لەلایەن پشکەشکارەوە پیشکەش کرا.

بڕگەی کۆتایی ئەو ڕێوڕەسمە، بە دەنگی بەسۆزی هەر یەک لە هونەرمەندانی لاو و دەنگخۆش، کاک ڕافه و کاک مێهران و دەستوپەنجەی مووزیکژەنی بەتوانا کاک پێشڕەو ڕازایەوە و ڕێوڕەسمەکە بە شایی و هەڵپەڕکێی بەشداربووان کۆتایی پێهات.