کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێژنی ٢٥ی گەلاوێژ لە ئۆستفۆڵد بەڕێوە چوو

14:14 - 26 گەلاوێژ 2726

ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠٥، کۆمیتەی ناوچەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئۆستفۆڵد، بە هاوکاریی کۆمەڵەی کوردیی ناوچەکە و بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان و نوێنەری حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان و کوردانی دانیشتووی ئەو دەڤەرە، ڕێوڕەسمی جێژنی ٢٥ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێرانیان، بەڕێوە برد.
خاتوو دەریا خۆشناو، وەک پێشکەشکاری ڕێوڕەسمەکە، پاش بەخێرهێنانی بەشداربووان و پێشکەشکردنی کورتەیەک لەسەر گرنگی و مێژووی ئەم یادە پیرۆزە، ڕێوڕەسمەکەی بە شێوەیەکی فەرمی دەست پێکرد.
لە یەکەم بڕگەی ڕێوڕەسمەکەدا، سروودی نەتەوایەتیی «ئەی ڕەقیب» لەلایەن هونەرمەندان شێرکۆ مەریوانی و پیران قادرزادەور پێشکەش کرا. دواتر، خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ئازادیی کورد و کوردستان ڕاگیرا.
پاشان پەیامی کۆمیتەی وڵات لەلایەن هیوا ئەحمەدی، بەرپرسی کۆمیتەی ناوچەی ئۆستفۆڵد، پێشکەش کرا. لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، سروودی ٢٥ی گەلاوێژ لەلایەن هونەرمەندان شێرکۆ مەریوانی و پیران قادرزادەوە پێشکەش کرا.
لە بەردەوامیی ڕێوڕەسمەکەدا، پەیامی کۆمەڵەی کوردیی ئۆستفۆڵد لەلایەن نادر ئەمینی، ئەندامی بەڕێوەبەریی کۆمەڵەی کوردی، خوێندرایەوە. هەروەها پەیامی پێشمەرگە دێرینەکانی دێموکرات لەلایەن حەسەن غەمبارەوە پێشکەش کرا.
پەیامی هاوپشتیی لایەنە سیاسییەکان پیشکەش کرا و یەکێک لە بڕگە گرنگەکانی ڕێوڕەسمەکە پێشکەشکردنی چەپکەگوڵ و برووسکەی پیرۆزبایی لەلایەن هێز و لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتییە کوردستانییەکان بوو، پەیامەکان لەلایەن ئەم لایەن و ڕێکخراوانەوە پێشکەش کرا: پارتی دێموکراتی کوردستان، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، سازمانی ژیانی ئازادیی کوردستان ـ پژاک
فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆڕای کوردستانی، کۆمیتەی نۆروێژ، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، کۆمەڵەی کولتووریی زاگرۆس و چەپکەگوڵی کەسایەتیی سەربەخۆ، کاک سالار شوانی.
ئەم بڕگەیە وەک نیشانەیەک لە هاوپشتی و پەیوەندیی نێوان بەشێک لە هێز و ڕێکخراوە کوردستانییەکان لە نۆروێژ و دیاسپۆڕای کورددا، بەڕێوە چوو.
لە بەشی دووەمی ڕێوڕەسمەکەدا، بەرنامەی هونەری بە دەنگی هونەرمەندان دڵنیا ڕەزازی، پیران قادرزادە و شێرکۆ مەریوانی بەردەوام بوو.
بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکەش بە شایی و گۆڤەند بەشدارییان کرد و ئەم بڕگەیە تا درەنگانی شەو بەردەوام بوو.