بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆییەکان، ناوەندە بەناو ئەمنییەتی و سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە کوردستان لە دەسبەسەرکردن و سەپاندنی سزای قورس بەسەر هاونیشتمانیان بەردەوامن.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ۲۵ی گەلاوێژ، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەبێ پیشاندانی بەڵگەی یاسایی و بە پەنابردنەبەر توندوتیژی، سێ هاونیشتمانیی خەڵکی ئاوایی "کەچەڵە" سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ بە ناوەکانی ئیبراهیم ئەحمەدوەش، شەعبان ئەحمەدوەش و هەروەها ئەیوەز بەهنەموونیان دەسبەسەر کردووە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەسبەسەرکران، تۆمەتە پاڵدراوەکان و شوێنی ڕاگرتنی ئەم سێ هاونیشتمانییە لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان بێئاکام ماوەتەوە.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، لانیکەم ١٦ هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری مەهاباد کە پێشتر لە پاییزی ١٤٠٣ دەسبەسەر کرابوون، لەلایەن لقی یەکەمی بەناو دادگای ئینقلابی ئەم شارە بە سەرۆکایەتیی «ئەحەد سیامی» سەرجەم سزای ۷۷ ساڵ و ۹ مانگ بەندکرانی داسەپاویان بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئەم هاووڵاتییانه بە تۆمەتگەلێکی وەکوو "ئەندامەتی لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم"، "پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم" و "چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە بەرژەوەندیی حیزبەکانی دژبەری ڕێژیم" دادگایی کراون و سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.
جێگای ئاماژەیە ئەم ١٦ هاووڵاتییە لە ماوەی مانگەکانی خەزەڵوەر و سەرماوەزی ١٤٠٣ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە مەهاباد دەسبەسەر کرابوون.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠٥، یەدوڵڵا مەتاعی، هاونیشتمانیی ٤٥ ساڵەی خەڵکی دێولان، سزای دەرکرانی هەمیشەیی لە پیشەی ڕاهێنەری، بە شێوەی زارەکی و پاش بانگشتکردنی بۆ بەشی حەراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزش و لاوانی پارێزگای سنە پێ ڕاگەیەندراوە.