کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی چەند هاووڵاتییانی بەندکراوی دیکەی کورد

11:53 - 27 گەلاوێژ 2726

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، چەند هاوڵاتییەکی دیکە لە ورمێ، پیرانشار و شنۆ دەسبەسەر کراون و هەتا ئێستا چارەنووسیان ناڕوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆیی ئێران، بەفرین ئەحمەدوەش، کچە مێردمنداڵی ١٦ ساڵانی خەڵکی ئاوایی "کەچەڵە"ی سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژ، لە کاتی هەڵکوتانی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەی دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەو کچە کوردە لەگەڵ دوو مامیدا بە ناوی شەعبان و ئیبراهیم ئەحمەوەش، لەگەڵ هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی ئەیوەز بەهنەموونیان دەسبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، ئێوارەی شەممە ٢٤ی گەلاوێژ، «هادی خەزری»، ٢٧ ساڵە و خەڵکی ئاوایی «هێیە» سەر بە شاری شنۆ، لە کاتی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە لە یەکێک لە شەقامەکانی شنۆدا، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.