کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشارەکانی ڕێژیم بۆ سەر ئەندامانی بنەماڵەی چالاکانی سیاسی بەردەوامە

14:40 - 27 گەلاوێژ 2726

پاش تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد بە ناوی ئەمیر سلێمانی، زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی لەبەر دەستدا نییە.

ئەمیر سلێمانی خەڵکی گوندی «خوڕخوڕە»ی سەر بە ناوچەی «شاروێرانی» مەهابادە کە لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و بەکۆمەڵی هاوڵاتییانی کورد بەشێوەیەکی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

برایەکی ناوبراو بە ناوی حیسام سلێمانی ساڵانێکە لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدا پیشمەرگایەتی دەکات و ئەم گوشارخستنە سەر بنەماڵەی چالاکوانانی سیاسیی دەرەوەی ئێران، لە ڕێکارە پێکهاتەیی و ترسێنەرەکان دژ بە هاوڵاتییانی کوردە.

بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٢٤ی گەلاوێژ، هێزەکانی ڕێژیم هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ناوبراو و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەریان کردووە.

ئەمیر سلێمانی ٤٤ ساڵیەتی، خێزاندارە و باوکی دوو منداڵە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکارەکانی دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدروەکان دژی ئەم هاوڵاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەمبارەیەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.