کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی ڕەوتی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی هاووڵاتییان

09:46 - 28 گەلاوێژ 2726

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، دوو هاووڵاتیی خەڵکی میاندواو و مەهاباد بەبێ هۆکار لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و هەتا ئێستا لە چارەنووسیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی گەلاوێژ، زاهیر قوربانی، هاووڵاتیی خەڵکی ئاوایی «گامیشگۆلی» سەر بە شارستانی میاندواو، دوای ناساندنی خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لەم شارە، دەسبەسەر کراوە.

ناوبراو لە دوای دەسبەسەرکرانی باوکی، «لوقمان قوربانی»، کە لە جیاتی ئەو دەسبەسەر کرابوو و بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیەندرا بوو تا ئەو کاتەی زاهیر خۆی بەو ناوەندە بەناو ئەمنییەتییە نەناسێنێت، باوکی ئازاد ناکرێت.

ڕێکەوتی ٢٣ی گەلاوێژ، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆ دەسبەسەرکردنی «زاهیر قوربانی» هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەکەی و پاش ئەوەی ناتوانن ناوبراو دەسبەسەر بکەن، لە جێگەی ئەو باوکیان دەسبەسەر کرد.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی هەمان سەرچاوە، ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی گەلاوێژی ١٤٠٥، لاوێکی کورد بە ناوی «فەرزین خەدیریپوور» خەڵکی مەهاباد، لەلایەن ئەو هێزانەی ڕێژیمەوە، بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

بە وتەی کوردپا، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەم هاووڵاتییە ٢٦ ساڵەیان لە شوێنی کارەکەیدا دەسبەسەر کرد.

هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە و ئەو ناوەندە بەناو ئەمنییەکانەش لەمبارەیەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.