کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڕیادی بەرزڕاگرتنی یادی ٨١ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکرات لە واشنگتۆن بەڕێوە چوو

16:26 - 28 گەلاوێژ 2726

ڕۆژی سیشەممە ٢٧ی گەلاوێژی ١٤٠٥، لە هۆڵی یانەی نەتەوەییی ڕۆژنامەنووسان لە واشینگتۆنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کۆبوونەوەیەکی سیاسیی ئاستبەرز بە بۆنەی ٨١ ساڵەی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو.
بڕیار بەدەستان، توێژەرانی ئاسایشی ناوچەیی و سەرکردە سیاسییەکانی کورد لەم کۆبوونەوەیەدا کۆ بوونەوە.
تەوەرە جیاوازەکانی ئەم کۆبوونەوەیە بریتی بوون لە: فیدراڵیزم؛ وڵامی ڕاستەقینە بۆ فرەنەتەوەییبوونی ئێران
لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بۆ کۆبوونەوەکە، بەڕێز مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، جەختی لەسەر پێویستیی ئاوڕدانەوەی بەپەلە لە پرسی نەتەوەیی کردەوە و ڕایگەیاند کە چارەسەری ئەم پرسە ناکرێت بۆ دوای گۆڕینی دەسەڵات دوابخرێت.
بەڕێز هیجری ڕایگەیاند: "فیدراڵیزم هۆکاری پارچەپارچەبوونی ئێران نییە، بەڵکو چوارچێوەیەکی کردەیییە بۆ دابەشکردنی دادپەروەرانەی دەسەڵات و سەرچاوەکان لەسەر بنەمای یەکسانی و ڕەزامەندیی هەموو نەتەوەکان".
کاک مستەفا هیجری چوار مەرجی سەرەکیی بۆ گواستنەوەیەکی سەرکەوتوو خستە ڕوو: بەڕەسمیناسینی ناوچە نەتەوەیییەکان، چوارچێوەیەکی یاساییی گشتگیر، فێدراڵیزمی ڕاستەقینە، و دیالۆگێکی سەرانسەری لە نێوان هێزە سیاسییەکاندا.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، هەژار برینجی، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئەمریکا، لە چوارچێوەی بابەتی "دیپلۆماسیی ڕاستەوخۆ و یەکیەتیی سەربازی-سیاسیی کورد" ئاماژەی بەوە دا کە ئامانجی سەرەکی، دروستکردنی کەناڵێکی پەیوەندیی بەردەوامە لە نێوان واشینگتۆن و هێزە سیاسییە ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تا دەنگی کورد بێ ناوبژیوان ببیسترێت.
هاوکات، لە پەیامی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییە کوردستانییەکاندا کە لەلایەن سەلاح بایەزیدی (نوێنەری حیزبی کۆمەڵە) خوێنرایەوە،جەخت لەسەر بونیادنانی یەکیەتیی سیاسیی کورد کرا بێ بەربەستبوونی جیاوازییە ئایدۆلۆجییەکان. هەروەها هێرشە مووشەکی و درۆنییە بکانی دەرەوەی سنوورەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکەکانی حیزبە کوردییەکان و کەمپەکانی پەنابەران بەتوندی سەرکۆنە کران.

لە پانێڵێکی تایبەتی شیکاریدا بە بەشداریی شارەزایانی دیاری ناوچەکە، چەند خاڵێکی ستراتیژی خرانە ڕوو:
گۆڕانکاری لە ناوخۆوە دەست پێ دەکات: جەنگ ساگنیک، لێکۆلەر و پسپۆڕی بواری ئەمنییەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان جەختی کردەوە کە گوشاری دەرەکی بە تەنیا تێر ناکات و ڕێکخستنی سیاسیی ناوخۆیی کلید و توخمی یەکلایکەرەوەی گۆڕانکارییە.

ڕەهەندەکانی هێزی کورد: شوکریە برادۆست پسپۆری ژێئۆپۆلیتیک و ئەمنییەتی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوە دا کە هێزی کورد تەنیا لە چەکداریدا کورت نەبووەتەوە؛ بەڵکو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بایکۆتی هەڵبژاردنەکان و ڕێبەرایەتیکردنی شەپۆلی شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» نیشاندەری هێزی نەرم و کاریگەریی قووڵی کۆمەڵایەتیی کوردن.

هۆشداریدان بە واشینگتۆن: د. دەیڤید ڕامسوێر، ڕاوێژکاری پێشووتری جێگری سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی دا کە پشتگوێخستنی کورد لەلایەن ڕۆژئاواوە هەڵەیەکی ستراتیژییە. ناوبراو گوتی: «بێ سیاسەتێکی ڕوون بەرامبەر کورد، واشینگتۆن لە ڕاگیرکردنی سەقامگیریدا شکست دەهێنێت.»