کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی پێشێلکارییە مافی مرۆییەکانی ڕێژیم لە کوردستان

09:18 - 29 گەلاوێژ 2726

لە درێژەی ڕەوتی دەسبەسەرکران، سەپاندنی سزای قورس و ناڕوونیی چارەنووسی هاووڵاتییان لە کوردستاندا، چەند هاووڵاتیی دیکە لە تیکاب، مەهاباد، بۆجنوورد و بیجاڕ دەسبەسەر کراون و هەتا ئێستا لەسەر چارەنووسیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی هەنگاو، سوهەیل عەرەبی، ڤێبلاگنووس، چالاکی سیاسیی کورد و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی بیجاڕ و دانیشتووی تاران، لەلایەن لقی ۲۶ی بەناو دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە تاران بە سەرۆکایەتیی بەناو دادوەر «ئیمان ئەفشاری» سزای ۵ ساڵ بەندکران و ۲ ساڵ بێبەشکردن لە چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی هەمان ڕێکخراو، زەهرا ڕەببانی، هاووڵاتیی تەمەن ۱۸ ساڵی کورد و خەڵکی بۆجنوورد و لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار، لەلایەن دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمەوە، سزای ۱۵ مانگ و دوو ڕۆژ بەندکران و پێبژاردنی سزای نەختی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی گەلاوێژ، محەممەد وەتمانی، لاوی خەڵکی مەهاباد، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە، بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

هەروەها بەپێی زانیارییەکانی هەمان ڕێکخراو، سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ۲۸ی گەلاوێژ، «عابد عەلیزادە»، لاوی کورد و خەڵکی تیکاب کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە بواری پەرەپێدان بە کلتووری کوردی، زمانی دایکی و پشتوانی لە خەڵکی هەژار و ڕێزگرتن لە شەهیدانی ناڕەزایەتییەکاندا چالاکی دەکرد، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، بەمەبەستی تۆلەسەندنەوەی شکستەکانی ڕێژیم لە ئەمریکا و ئیسرائیل و پێشگرتن بە ناڕەزایەتییە ڕەواکانی گەلی کورد و خەڵکی ئێران، گوشارە لەڕادەبەدەرەکانی بۆ سەر هاووڵاتییان پەرە پێداوە و ڕۆژانە دەیان هاووڵاتیی دەسبەسەر دەکات و سزای قورسیان بەسەردا دەسەپێنێت.