سزای لەسێدارەدانی قائیم حوسێنی، یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی مانگی بەفرانبار لە دۆسییەی "مەیدانی عەلیخانی"ی ئێسفەهان، کە بە وتەی دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم «هاووڵاتیی بیانی» بوو، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٩ی گەلاوێژ لەو شارەدا جێبەجێ کرا.
هەواڵدەریی "میزان" سەر بە دەزگای دادوەریی ڕێژیم ڕایگەیاند کە قائیم حوسێنی بە ناوی خوازراوی «ئاریەن»، بە تۆمەتی «موحاربە، افساد فی الارض، هەوڵدان بۆ تێکدانی تەناهیی نەتەوەیی و تێکشکاندنی موڵکی گشتی» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپابوو.
ئەم هەواڵدەرییە، ناوبراوی بەوە تۆمەتبار کرد کە لە هێرشی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە مەیدانی عەلیخانیی ئێسفەهاندا، کە بووە هۆی کوژرانی چوار هێزی سەرکوتکەری یەکەی تایبەتی هێزی ئینتیزامیی ڕێژیم، بە چەکی سارد بەشدار بووە و پێی لە تەرمی یەکێکیان ناوه.
بە وتەی دەسەڵاتی دادوەریی ڕێژیم، سزاکە دوای پەسەندکردنی لە دیوانی باڵای ڕێژیم جێبەجێ کراوە. پێش حوسێنی، چوار تۆمەتباری تری هەمان دۆسییە لە سێدارە درابوون.
لە هەواڵەکەی دەسەڵاتی دادوەریدا، هیچ باسێک لەسەر ناسنامەی نەتەوەیی یان هاووڵاتیبوونی ئەو تۆمەتبارە لەسێدارەدراوە نەکراوە، بەڵام پێشتر ڕاگەیەندرابوو کە گوڵمحەممەد محەممەدی، یەکێکی تر لە تۆمەتبارانی ئەم دۆسییەیە و ئامۆزای قائیم حوسێنی، هاووڵاتیی ئەفغانستانییە.
پێشتریش، هەرکام لە ئەبووفەزل سپاهی، ئەمیرحوسێن سەفەری، عرفان ئێسفەندیاری، گوڵمحەممەد محەممەدی لە ڕەوتی دۆسییەی "مەیدانی عەلیخانی"دا لە سێدارە درابوون.