ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی گەلاوێژ، کاک ئەحمەد مورادی ناسراو بە "فەقی ئەحمەد"، کەسایەتیی خۆشناو و دیاری شاری مەهاباد، لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا، لە شاری هەولێر کوچی دوای کرد.
ماڵی ناوبراو و براکانی لە سەردەمی ڕاپەرینی چەکدارانەی ٤٦-٤٧دا مەکۆی حەوانەوەی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات بووە و لە دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتیش بە بنەماڵەوە تێکەڵ بە تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوون.
ناوبراو دواتر بوو بە پێشمەرگە و لە دوای داگیرکردنەوەی شاری مەهاباد لەلایەن سپای تێرۆریستیی پاسدارانەوە، بەدیل دەگیرێ و دوای چەند مانگ مانەوەی لە بەندیخانەی ورمێ، لەگەڵ پێشمەرگەی دیکەی بەدیلگیراو، لەگەڵ ١١ پاسدار ئاڵوگۆڕی پێدەکرێت.
دواتر بەهۆی گوشاری جاش و پاسدارەکانی ڕێژیمەوە ناچار دەبێت پەڕیوەی باشووری کوردستان بێت، دوور لە زێدی خۆی ژیان بەسەر ببات.
کاک فەقێ ئەحمەد کەسایەتییەکی خۆشەویست، خاکی و خەڵکی و ئاشقی فێربوون و خوێندنەوە بوو.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.