کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی کارەساتباری تەندروستیی بەندکراوانی بەندیخانەی گەورەی تاران

11:50 - 11 گەلاوێژ 2726

بەپێی زانیاریی هەواڵدەرییە مافی مرۆییەکان، بەندکراوانی بەندیخانەی گەورەی تاران ڕووبەڕووی کێشە و قەیرانی جۆراوجۆر لەوانەش: بڵاوبوونەوەی مێرووی "ساس"، گەرمای سووتێنەر بەهۆی نەبوونی ئامێری فێنککەرەوەی پێویست و کەمیی جێگە و خۆراک بوونەتەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بەهۆی کەمیی شوێن و زۆریی ژمارەی بەندکراوان، هەندێک لە بەندکراوان تەنها چەند کاتژمێرێک لە شەو و ڕۆژێکدا بۆ پشوودان و خەوتن دەرفەتیان هەیە.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، بەرپرسانی بەندیخانە ڕێگە نادەن بەندکراوان جلوبەرگ لە دەرەوەی بەندیخانە بهێنرێتە ژوورەوە و بۆیە ناچارن جلوبەرگی پێویست لەنێو بەندیخانە دابین بکەن.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانە، تەنانەت بەندکراوان بەهۆی کەمیی خۆراکەوە، خۆراکی خۆیان خۆراک دابین و ئامادە دەکەن و ئەوەش لەکاتێکدایە کە زۆرێک لە بەندکراوان توانای ئەو کارەشیان نییە.

ئەم سەرچاوانە باس لەوە دەکەن کە نەبوونی ئامێری فێنککەرەوەی پێویست، کەمیی جێگە و دۆخی ناتەندروستی بەندیخانە، دۆخی بەندکراوانی لە بەندیخانەی گەورەی تاران زۆر دژواتر کردووە.

شایانی باسە لە زۆربەی بەندیخانەکانی ئێراندا ئەو کێشە و گرفتانە هەن و ڕێکخراوە مافی مرۆییە نێوخۆیی، جیهانی و نێونەتەوەییەکان لەمەڕ ئەو قەیرانەوە نیگەرانیی جیددیی خۆیان دەربڕیوە.