کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی دوو هاووڵاتیی کورد لە کرماشان و سەردەشت بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم

11:48 - 30 گەلاوێژ 2726

لە درێژەی تاوانە بەردەوامەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوو هاووڵاتیی کورد لە کرماشان و سەردەشت، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازی و ئینتزامییەکانی ڕێژیمی ئێران گیانیان لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا"، بەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە، ۲۹ی گەلاوێژ، "پووریا نادری"، لاوی ۲۹ ساڵانی کوردی یارسان و دانیشتووی گەڕەکی "دەرەدرێژ"ی کرماشان، لە کاتێکدا لە ناو ئۆتۆمبێلەکەی خۆیدا بوو لە ڕێگەی نێوان شارۆچکەی دەوڵەت ئاوا بۆ دەرەدرێژ، کەوتە بەرهێرش و تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی بنکەی ئینتزامیی دەوڵەت ئاوا.

ئەو هاووڵاتییە بەهۆی بەرکەوتنی دوو گولـلە بە سەری و دڵی، لە شوێنی ڕووداوەکە دەستبەجێ گیانی لەدەست دا.

پووریا نادری، خەڵکی گوندی "دوشیمان"ی سەر بە ناوچەی "زەهاو" و دانیشتووی دەرەدرێژ و خێزاندار بوو.

پووریا پێشتر لە بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا سێ مانگ و لە خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ڕابردوودا شەش مانگ دەسبەسەر و دوایی بە دانانی بارمتەی قورس ئازاد کرابوو.

ناوبراو لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستیی پاسدارانەوە هەڕەشەی کوشتنی لێکرابوو و لە ترسی جێبەجێکردنی ئەم هەڕەشانە ئامادە نەبوو بچێتە دادگا و ناوەندە ئه‌منییەتییە‌كان.

کوردپا جەختی کردەوە کە تا ئێستا تەرمی پووریا نادری ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

لە ڕووداوێکی دیکەدا لە سنووری "بەردەسیان"ی سەردەشت، ڕۆژی چوارشەممە ۲۸ی گەلاوێژ، "یووسف مامەپوور"، هاووڵاتیی ۳۰ ساڵانی کورد و خەڵکی گوندی "وەردێ"، لە کاتی گواستنەوەی ئاژەڵ بۆ هەرێمی کوردستان، کەوتە بەر دەستڕێژی هێزە سەربازییەکانی ڕێژیمی ئێران.

ئەو هاووڵاتییە فیشەک بەر گورچیلەی کەوتووە و لە پشتییەوە دەرچووە، کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی.

یووسف مامەپوور کە سەرقاڵی ئیشی شوانی بوو، خێزاندار و باوکی منداڵێکی ساوا بوو.

کوردپا هەروەها ڕایگەیاند کە لە ڕەوتی ئەم دەستڕێژییەدا، هاووڵاتییەکی دیکەش بەسەختی بریندار بووە.