کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕوونیی چارەنووسی چەند هاونیشتمانییەکی دەسبەسەرکراو

14:39 - 30 گەلاوێژ 2726

بەپێی ڕاپۆرتە مافی مرۆییەکان، دوو ژنی کورد بە ناوی نازەنین حوسێنپوور و ئەحمەدوەش و لاوێکی سنەیی بە ناوی دانیال محەممەدی دوای چەند ڕۆژ دەسبەسەرکرانیان زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی هەنگاو، چەند ڕۆژە دوو ژنی کورد بە ناوەکانی نازەنین حوسێنپوور و بەفرین ئەحمەدوەش دوای دەسبەسەرکرانیان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە ورمێ و پیرانشار، زانیارییەک لەمەڕ دۆخی تەندروستییان، شوێنی ڕاگیران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکانیان لەبەر دەستدا نییە.

ڕۆژی یەکشەممە ۲۵ی گەلاوێژ، نازەنین حوسێن‌پوور، تەمەن ۳۴ ساڵ، خێزاندار و دایکی دوو منداڵی بچووک و خەڵکی ئاوایی "شیناوێ"ی پیرانشار پاش بانگکران و سەردانی بۆ بەناو ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم، دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

هەروەها بەفرین ئەحمەدوەش، خەڵکی ئاوایی "کەچەڵە"ی سەر بە ورمێ بە هەڵکوتانی هێزەکانی ڕێژیم بۆ سەر ماڵی بنەماڵەیی دوو مامی خۆی لەم ئاواییەدا، بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی و هاوڕێ لەگەڵ ئەواندا دەسبەسەر کرا.

هەروەها ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی دانیال محەممەدی، تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی ئاوایی تەنگیسەر سەر بە ژاوەرۆی سنە، دوای تێپەڕبوونی ٩ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە، هێشتا لە یەکێک لە گرتنگە بەناو ئەمنییەکانی ڕێژیمدا دەسبەسەرە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، زانیارییەک لەسەر هۆکارەکانی دەسبەسەرکردن، تۆمەتە پاڵدراوەکانی ئەم هاووڵاتییانە لەبەر دەستدا نییە.