ڕۆژی هەینی ٣٠ی گەلاوێژ، دایە فاتمە ئازەرەخش ژنە نیشتمانپەروەر و تێکۆشەری خەڵکی ئاوایی ئەندێزێی پیرانشار و خوشکی دوو شەهیدی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان، لە شاری پیرانشار، بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.
ناوبراو ژنێکی نیشتمانپەروەر، حیزبدۆست و خەمخۆری گەل و نیشتمانەکەی بوو و لەنێو خەڵکی شاری پیرانشاردا جێگای ڕێزێکی تایبەتی بوو.
دایە فاتمە دوای لەدەستدانی دایک و باوکی سەرەڕای کەمیی تەمەنی وەکوو خوشکێکی دڵسۆز، دایک ئاسا ئەرکی بەخێوکردن و پەروەردەکردنی برا و خوشکەکانی گرتە ئەستۆ.
دوو برای ناوبراو بە ناوەکانی ڕەسووڵ و عەزیز ئازەرەخش لە ڕیێزی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستاندان.
ناوبراو هەتا دواساتەکانی ژیانی، وەفادار بە ڕێبازی دوو برا شەهیدەکەی و ئامانجە بەرزەکانی حیزبی دێموکرات مایەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.