کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو هاونیشتمانیی خەڵکی بۆجنوورد سزای قورسیان بەسەردا سەپا

16:52 - 11 گەلاوێژ 2726

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان، دوو هاونیشتمانیی کورد و خەڵکی شارەکانی بۆجنوورد و ئاشخانە، لەلایەن دەسەڵاتی بەناو دادوەریی ڕێژیمەوە سزای قورسیان بەسەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، «مستەفا عەلیپوور»، هاونیشتمانیی ۳۲ ساڵانی کوردی کرمانج و خەڵکی بۆجنوورد، کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباردا بە زیاتر لە ١٠٠ فیشەکی ساچمەیی بریندار و دەسبەسەر کرابوو، لە دوو دۆسییەی جیادا لە بە ناو دادگاکانی ئینقلاب و کەیفەریی ڕێژیم لە بۆجنوورد، بە کۆی گشتی ٤ ساڵ و ٢ مانگ و ڕۆژێک بەندکرانی داسەپاو و لێدانی ٧٤ قامچی مەحکووم کراوە.

هەروەها کوردپا لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا ئاماژەی بە «محەممەدئەمین ئەسکەندەری»، هاونیشتمانیی ٢٤ ساڵانی کوردی کرمانج و خەڵکی «ئاشخانە» سەر بە پارێزگای خۆراسانی باکوور کردووە کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤دا دەسبەسەر کرا و لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە شاری بۆجنووردەوە بە ٢ ساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا درا.

کوردپای ڕاگەیاند ئەو دوو هاونیشتمانییە بە تۆمەتەکانی «پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم» و «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژی ئەمنییەتی نێوخۆیی و دەرەکی» بە ٢ ساڵ بەندکرانی داسەپاو مەحکووم کراون.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ئەم لاوە کوردە لە سەرجەم قۆناغەکانی لێپرسینەوە و دادگاییکردنەکەیدا لە مافی دەستڕگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بوون.