بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان، ڕەوتی پێشێلکارییە مافی مرۆییەکان لە سەرانسەری کوردستان لەلایەن ناوەندە بەناو ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە بەردەوامە و چەندین هاووڵاتیی دیکە دەسبەسەر کراون و چارەنووسیان ناڕوونە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٢٤ی گەلاوێژ، ئاوات نووری خەڵکی مەهاباد، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەمان ڕێکخراو، شیرین مەسعوودی یەکێک لە ئەندامانی گرووپی شاخەوانیی "ڕاژان" لە مەهاباد، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ گرتنگەیەکی ئەمنییەتیی ڕێژیم لە ورمێ ڕاگوێزراوە.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی هەنگاو، ئیمان کازمی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی بۆجنوورد و لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لەلایەن دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمەوە، سزای سێ مانگ بەندکران و ۷۴ لێدانی قامچی بەسەردا سەپێندرا.
هەتا بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکاری دەسبەسەرکران، تۆمەتی وەپاڵدراو و دۆخی تەندروستیی ئەم هاووڵاتییانە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
هەروەها هەوڵی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییانە بۆ ئاگاداربوون لە دۆخیان، بێئاکام ماوەتەوە.