کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتی و نیگەرانیی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان لەمەڕ گوشار بۆ سەر مامۆستایان

12:24 - 1 خەرمانان 2726

ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایان کوردستان لە مەریوان، سەوڵاوا، سەقز، زیویە و سنە لە ناڕەزایەتیدەربڕین بەرانبەر بە دەرکردنەوەی دوو مامۆستای قوتابخانە لە کوردستان بە ناوەکانی مەجید کەریمی و غیاس نێعمەتی لە پیشەی مامۆستایەتی، بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە.

لەو بەیاننامەدا هاتووە کە "هەواڵی گەڕانەوەی مامۆستایان مەجید کەریمی و غیاس نێعمەتی و جەهانگیر بەهمەنی بۆ سەر ئەرکی مامۆستایەتییان لە مانگی پووشپەڕدا، هیوایەکی بە دادپەروەری لە لای ڕای گشتی دروست کرد. بەڵام زۆری نەخایاند کە هەواڵی تاڵی دەرکردنی دووبارەی مەجید کەریمی و غیاس نێعمەتی و دابڕانی ٦ مانگەی جەهانگیر بەهمەنی، کۆمەڵگەی مامۆستایان و قوتابییانی پارێزگاکەی تووڕە کردووە".

بەیاننامەکە باس لەوە دەکات کە "ئەم بڕیارەی دەستەی پێشێلکاریی ئیداریی پەروەردە، پرسیارێکی جیددی و سەرەکیی لەبارەی چۆنیەتیی دەرکردن و جێبەجێکردنی بڕیارەکان، سنووری دەسەڵاتەکانی دەستەکانی پێشێلکاریی ئیداری و ڕەچاوکردنی پلەبەندی یاسایی لە سیستەمی ئیداریی وڵاتدا دروست کردووە".

هەروەها لە بەشێکی دیکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە "لە سایەی نەبوونی بەڕێوەبەری و دادپەروەریی بنەڕەتی لە دەزگای پەروەردەدا، دەبینین کە هەموو پێشبینییەکانی ئەم ئەنجومەنە و ئەندامە دڵسۆزەکانی لەوانە مەجید کەریمی و غیاس نێعمەتی لە ساڵانی ڕابردوودا سەبارەت بە "کارەساتی کەمیی هێزی مرۆیی"، "کۆنبوون و لەکارکەوتنی زۆرینەی شوێنە پەروەردەییەکان"، "دابەزینی پێوەرە پەروەردەیی و فێرکارییەکان لە قوتابخانەکاندا"، و دەیان کێشە و قەیرانی پەروەردەیی دیکەی بێوڵام ماوەتەوە.

هەروەها باس لەوە کراوە کە "قوتابخانەکان و ئیدارەکانی پەروەردە کراوە بە شوێنی "گرتنگە و بەندیخانە" و "یەکلاکردنەوەی حسێب"ی کەسی و زاڵکردنی فەزای ئەمنییەتی و ئارامییان لە قوتابخانەکان بڕیوە".

هەروەها ڕوو لە بەرپرسانی ڕێژیم ڕایانگەیاندووە کە "ئێستا بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە و بارهێنان بەرپرسیایەتییەکی گرنگی لە ئەستۆیە تا لەنێوان "ڕەوتی نەگونجاو و دژەپەروەردەیی" و "ڕوانگەی ئەرێنی و مرۆیی" یەکیان هەڵبژێرێت، هەتا بۆ خەڵکی پارێزگای سنە و کۆمەڵگەی پەروەردە ڕوون بێت کە بڕیارە چ فەزایەک بەسەر قوتابخانەکاندا زاڵ بێت و چ ڕوانگە و هزرێک ئەم کۆمەڵگەیە بەڕێوە ببات؟".

 لە کۆتاییدا نووسراوە "ئەم هەڵسوکەوتە بەپێچەوانەی بنەماکانی پەروەردەی دروستە و داوای ڕاگرتنی خێرای ئەم ڕەوتە و گەڕانەوەی بۆ هاوکارەکانمان سەر کارەکانیان دەکەین".