کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزڕاگرتنی یادی ٨١ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی بریتانیا

14:13 - 1 خەرمانان 2726

ڕۆژی شەممە ٣١ی گەلاوێژی ١٤٠٥، جێژنێكی بەشكۆ لە شاری كاڤێنتریی وڵاتی بریتانیا بەبۆنەی ٨١ ساڵەی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە کەسایەتییە سیاسییەکان و نوێنەری حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان و ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە بریتانیا بەڕێوە چوو.
سەرەتای ڕێوڕەسمەكە بە سروودی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی كوردستان دەستی پێكرد.
دوای خوێندنەوەی چەند شێعر و پەخشان لەلایەن پێشكەشكارانی بەرنامەكە خاتوو ئاڵا شیووخی و کاک نێعمەت مەلا، کورتەیەک لە ژیان و خەباتی بەڕێز کاک خالیدی عەزیزی وتەبێژی حیزب، ئاماژەی پێکرا و بەڕێزیان وتەکانی سەبارەت بە ۲٥ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزب ئاراستەی بەشداربووان کرد.
بەڕێز عەزیزی وێڕای پیرۆزبایی ئەو ڕۆژە، بابەتێكی گشتیی سەبارەت بە ڕەوایی خەباتی نەتەوایەتیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەژێر ئاڵای حیزبی دێموکراتدا کرد و دواتر ئاماژەی بە هەل و دەرفەتەکانی ئێستا بۆ داهاتووی خەباتی نەتەوەییمان بە ڕەچاوگرتنی نوێترین گۆڕانکارییەکان لە ئاکامی شەڕ و پێکدادانی ئەم دوواییانە لە ناوچەكەدا هێنایە بەرباس.
بەڕێزیان لە قسەکانیدا ئاماژەی بە گرینگیی دۆزینەوەی خاڵێکی هابەش لەنێوان نەتەوە جیاوازەکانی ئێراندا کرد کە گەرەنتیی سەقامگیریی ماف و ویستی کۆمەڵانی خەڵکی تێدا بەدی بکردرێت و دوای باسەكەی وڵامی پرسیاری بەشداربووانی ڕێوڕەسمەكەی دایەوە.

لە بەشێكی دیكەی ڕێوڕەسمەكەدا بەڕێز كاوە مودەڕسی بەرپرسی كۆمیتەی حیزب لە وڵاتی بریتانیا بەخێرهاتنی بەشداربووانی کرد.
دێكۆمێنتارییەک بەبۆنەی دامەزرانی ٨١ ساڵەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایان بەشی ڕاگەیاندنەوە ئامادە كرابوو كە نیشانی بەشداربووان درا.
ئەو ڕێوڕەسمەكە بە چەندین سروودی شۆڕشگێرانە لەلایەن هونەرمەندان ئارمان ساعێدپەنا و ئومید تاووسی تا کاتژمێر ٦ی ئێوارە درێژەی هەبوو.

جێگای ئاماژەیە نوێنەری بەشێکی بەرچاو لە کەسایەتی و حیزب و لایەنە کوردستانییەکان پەیامیان بەم بۆنەیە ئاراستەی دەستەی بەڕێوەبەریی بۆنەکە کرد و کاک سەعد نوێنەری پارتی دێموكراتی كوردستان چەند وتەیەکی سەبارەت بە ئەو ڕۆژە مێژووییە پێشکەش بە بەشداربووان كرد.
ئەو لایەنانەی کە بەشدار و پەیامیان هەبوو بریتی بوون لە:
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان
پارتی ئازادیی کوردستان
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان
پارتی دێموکراتی کوردستان
یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان
کۆمەڵەی کوردی ڕۆژاوای کوردستان لە بێرمێنگهام