کۆمیتەی مافی مرۆڤی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە چوارچێوەی چاوەدێریی بارودۆخی پێشێلکاری مافەکانی ژنان، ئەو حاڵەتانەی پێشێلکردنی مافەکانی ژنان و کچانی کورد کە لە مانگی گەلاوێژی ١٤٠٥ تۆمار کراون، لەسەر بنەمای ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کردووە.
حاڵەتە تۆمارکراوەکانی ئەم مانگە، پێشێلکردنی مافەکانی ژنان لەخۆدەگرێت؛ لە دەستبەسەرکردن و بێبەشکردن لە ئازادی و دادگایی دادپەروەرانەوە، تا سێدارەدان، ژنکوژی، دەرکردنی حوکمی دادگا و مەترسیی جێبەجێکردنی سزای سێدارە. بەهۆی بارودۆخی ئەمنیی زاڵ بەسەر کوردستان، سنوورداربوونی دەستپێڕاگەیشتن بە زانیاری و گوشار بۆسەر بنەماڵەکان، ئامارەکانی ئەم ڕاپۆرتە تەنها بەشێک لە حاڵەتە تۆمار و پشتڕاستکراوانە لەخۆ دەگرێ و ئەگەری هەیە حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی ژنان لەم ڕێژەیە زیادتر بن.
لە مانگی گەلاوێژدا، لانیکەم ٣ ژنی کورد دەستبەسەر کراون:
نازەنین حوسێنپور، ٣٤ ساڵە و خەڵکی پیرانشار؛ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
بەفرین ئەحمەدوەش، کچێک خەڵکی ورمێ؛ لە کاتی هێرشی هێزەکانی ئیتالاعات سپا بۆ سەر ماڵی کەسوکارەکانی، دەستبەسەر کرا.
شیرین مەسعوودی، خەڵکی پیرانشار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەەوە.
هەروەها لانیکەم ٣ ژنی دەستبەسەرکراوی مانگەکانی پێشوو، لەوانە زەهرا پیردێهقان، پەروین ڕاسق قزڵباش و کەژاڵ موبارەکی، لە ماوەی مانگی گەلاوێژدا هەروا چارەنووسیان نادیارە و لە مافە یاساییەکانیان بێبەش کراون.
لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٤٠٥، سزای سێدارەدانی دنیا محەممەدی، ٢٠ ساڵە و خەڵکی ئیوانغەرب، لە زیندانی ناوەندی ئیلام جێبەجێ کرا. ئەو لە کاتی دەستبەسەرکردندا تەمەنی ١٨ ساڵ بوو.
لە مانگی گەلاوێژدا، لانیکەم ١ حاڵەتی ژنکوژی تۆمار کراوە:
لەتیفە محەممەدزادە، ژنی ٤٩ ساڵەی خەڵکی سقز، لەلایەن هاوسەری پێشوویەوە کوژرا.
ئەم حاڵەتە وەک نموونەیەک لە توندوتیژیی جێندەری و ژنکوژی تۆمار کراوە.
بەپێی بەدواداچوون بۆ هەواڵ و ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانی سەرچاوە مافی مرۆڤییەکان، هیچ حاڵەتێکی نوێی خۆکوژیی ژنان و کچانی کورد لە مانگی گەلاوێژدا تۆمارا نەکراوە.
منیژە خۆشنوود، ٥٨ ساڵە و خەڵکی بۆکان، لە مانگی گەلاوێژدا سێ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە.
هیوا سەیفیزادە، هونەرمەند و گۆرانیبێژی کورد، لە مانگی گەلاوێژدا سزای چوار ساڵ زیندان لەلایەن دادگای سەرەتایی، بە تۆمەتی «بڵاوکردنەوەی فساد و بێ ئەخلاقی» بەسەردا سەپێندراوە. دۆسیەی ناوبراو لە پەیوەندی لەگەڵ بەڕێوەبەردن و خوێندنی گۆرانی و مۆسیقی لە تاران هەیە و سزاکەی لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٤٠٥ بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.
ئەم ژنانە لە مەترسیی جێبەجێکردنی سزای سێدارەدان دان کە بەشێکیان کورد نین:
پەخشان عەزیزی
زەهرا شەهباز تەبەری
نەسیمە ئیسلامزەهی
مەریم هەداوەند
ئەرغەوان فەلەهی
مەهناز چاردەڵی
لە نێوان ئەواندا، پەخشان عەزیزی، زیندانییەکی سیاسیی کورد و خەڵکی مەهابادە.
هەروەها مەترسی سەپاندنی دووبارەی سزای سێدارە بۆ سەر وریشە مورادی و بیتا هەمەتی هەیە.
لە لایەکی دیکەشەوە، بارودۆخی شەمسی خوسرەوی، ژنێکی زیندانیی کورد، لە پەیوەندی لەگەڵ مەترسیی سەپاندنی سزای سێدارە، بووەتە جێی نیگەرانی.
لە ٤ی گەلاوێژ، ماشینێک لەسەر ڕێگای بانە – مەریوان کەوتە بەر دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان و سێ ئەندامی بنەماڵەیەک کوژران:
مەریم ئەسڵانی، دایکی بنەماڵەکە
سمیە تەوەکولی کچی بنەماڵەکە
بەم شێوەیە، لەم ڕووداوەدا ٢ ژن بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان کوژراون.
ئامارە تۆمارکراوەکانی مانگی گەلاوێژ نیشان دەدەن کە ژنان لە کوردستان هەروا لە مەترسیی سەرکوتی ئەمنی، سێدارەدان، توندوتیژیی جێندەری و گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکاندان. لەم مانگەدا، لانیکەم ٣ ژن دەستبەسەر کراون، ١ ژن لەسێدارە دراوە، ١ ژن بەهۆی ژنکوژییەوە کوژراوە و ٢ ژن بە کوشتنی حکومەتی کوژراون. هەروەها ٢ ژن بە زیندان سزا دراون.
لەگەڵ ئەم حاڵەتانەدا، بەردەوامبوونی دەستبەسەرکردن و نادیاربوونی چارەنووسیان بە تێپەڕبوونی چەند مانگ و هەبوونی مەترسیی سێدارە بۆ ژنانی دەسبەسەرکراوی کورد، نیشانەی بەردەوامیی هەڕەشەیە بۆسەر مافی ئازادی، مافی ژیان، ئاسایشی تاکەکەسی و مافی دادگاییی دادپەروەرانەیە.
کۆمیتەی مافی مرۆڤی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران جەخت دەکاتەوە کە ئەم ئامارانە تەنها ئەو حاڵەتانەن کە بڵاوکراونەتەوە و پشتڕاست کراون.