کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ئەندامێکی چالاکی حیزبی دێموکرات لە مەهاباد

14:51 - 1 خەرمانان 2726

ڕۆژی شەممە ٣١ی گەلاوێژی ١٤٠٥ی هەتاوی، یاسین مەولاننژاد، ئەندامی نهێنیی حیزبی دێموکرات و خەڵکی شاری مەهاباد، لە تەمەنی ٣٣ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

یاسین مەولاننژاد لە ساڵی ١٣٧٢ی هەتاوی لەنێو باوشی بنەماڵەیەکی حیزبدۆست و نیشتمانپەروەری شاری مەهاباد لە دایک بوو، هەموو ژیانی خۆی بۆ خۆشەویستیی گەل و هۆشیارکردنەوەی لاوان بە هەستی کوردایەتی بەسەر برد.

ناوبراو لەنێو شاردا وەک ئەندامێکی چالاک، شانبەشانی خەڵک و لەو ڕێگایەی کە باوەڕی پێی هەبوو، بە هەموو توانایەوە بۆ داهاتوویەکی باشتر و ئاسۆی ڕوونی نیشتمانەکەی هەوڵی دەدا.

ناوبراو کە بەهۆی ڕووداوێک تووشی مەرگی مێشکی بوو و بۆ ماوەی چەند ڕۆژ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ورمێ خرابووە ژێر چاودێریی چڕی پزیشکییەوە، لە کۆتاییدا دایک و باوکی ناوبراو لە بڕیارێکی مرۆڤدۆستانەدا، ئەندامانی جەستەی ڕۆڵەکەیان بە نەخۆشانی تایبەت بەخشی.

جێگای ئاماژەیە یاسین ماوەی یەک ساڵ بوو کە ژیانی هاوبەشی پێکهێنابوو و دوای چەند مانگی دیکە کۆرپەکەی بەدوور لە چاوی باوکی لەدایک دەبێت.

ناوبراو ئەندامێکی چالاک، هەڵسووڕ و کارای حیزبی دێموکرات بوو کە لە خزمەتکردن بە ئامانجە بەرزەکانی حیزبی دێموکرات سڵی نەدەکردەوە.

تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای بەرینی خەڵکی شاری مەهاباد و لە گۆڕستانی ئاوایی سوێناسدا، بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.