ڕۆژی یەکشەممە ١ی خەرمانانی ١٤٠٥، هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ سێمینارێکی یەک ڕۆژەی بە بۆنەی ساڵڕۆژی فتوای جیهادی خومەینی لە ساڵی ١٣٥٨ لە دژی کوردستان بەڕێوە برد. مەبەست لەو سێمینارە باس و گفتوگۆ لە میراتی فتواکە لە ڕەهەندە مێژوویی، مافی مرۆڤی و ژێئۆپۆلیتیکییەکان بوو.
شلێر باپیری بەڕێوەبەری سێمینارەکە بەخێرهاتنی میوانانی کرد و لە پێشەکییەکی کورتدا ئاماژەی بە ئامانجی سێمینارەکە کرد و باسی لەوە کرد، ئەمڕۆ ئێمە لێرە نین تەنها بۆ ئەوەی یادی ئەو یادەوەرییە بکەینەوە کە لە ساڵی ١٣٥٨دا هەتا ئەمڕۆ بەپێی ئەو فتوایە کراوە. ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی بپرسین لەم چل و حەوت ساڵەی دوای ئەوە چیمان دروست کردووە. دوای چل و حەوت ساڵ خەبات، چۆن دەتوانین داهاتووی خۆمان بەرەو یەکڕیزیی باشتر ببەین و ئایندەیەکی سیاسی بەهێزتر بۆ ڕۆژهەڵات دابین بکەین؟
سێمینارەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب دەستی پێکرد. دوای ئەوە خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی کوردستان، لەنێویاندا قوربانییانی کۆمەڵکوژییەکەی فتوای جیهادی خومەینی لە ساڵی ١٣٥٨ ڕاگەیەندرا. پاشان وتاری هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستان لەلایەن شۆڕش سەدەفییەوە پێشکەش کرا.
بەشی یەکەمی سێمینارەکە بۆ پێشکەشکردنی بابەتەکانی کۆڕگێڕەکان تەرخان کرابوو. سێ کۆڕگێڕ لە ڕوانگەی جیاوازەوە بەڵام گرێدراو بە فتوای جیهادی خومەینی دژ بە کوردستان باسەکانیان پێشکەش کرد.
خاتوو مریەم عەلیپوور بە شیکارییەک لەژێر ناوی پەیوەندییەکانی ڕابردوو و ئێستای کورد پێش و دوای فتوای جیهادی خومەینی دژی کوردستان، پانێلەکەی کردەوە. باسەکەی بەدواداچوونێک بۆ مێژووی ڕوودانی فتوای جیهانی خومەینی دژی کوردستان بوو و ئەوەی کە بەکارهێنانی ڕوانگەی دینی بۆ زۆرتر شەرعیەتدان بە ئەو تاوانە کۆمەڵکوژییە دژی کوردستان بوو. هەروەها کە چۆن ڕووداوگەلێکی وەک فتوا کاریگەریی لەسەر دروستبوونێکی شوناسی گەلی کورد دانا.
یوونس بلووری لە سێمینارەکەدا وتارێکی لەسەر تەوەری یاسای نێودەوڵەتی و مافەکانی مرۆڤ و چۆنیەتیی پەیوەندییان بە فتوای ساڵی ١٣٥٨ـەوە پێشکەش کرد. بلووری بە نیشاندانی بەڵگە، ئاماژەی بە لەسێدارەدانە بێ دادگاییەکان و هەروەها نیشاندانی ئاماری ئەوانەی کرد کە لە شوێنە جیاوازەکانی کوردستان لە ماوەیەکی کورت لە سێدارە دراون. لە درێژەی باسەکەیدا باسی لەوە کرد کە چۆن فتوا و ئەو لەسێدارەدانانەی کە بەدوایدا هاتبوون، لایەنی یاسایی بە تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی دەدات و ئاماژەی بە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی پێویست کرد بۆ ئەوەی ئێستاش بکرێت ئەو کەیسە بجووڵێندرێت.
ئیبراهیم عەلیپوور بە پێشکەشکردنێک لەسەر دۆخی ژێئۆپۆلیتیکی دەوروبەری فتواکە، چ لە کاتی دەرچوونی لە ساڵی ١٣٥٨ و چ لە ئێستادا، پانێلەکەی داخست. لێدوانەکانی فتواکەی لەناو چوارچێوەی ناوچەیی فراوانتری ئەو سەردەمەدا دانا - لەوانەش پشتیوانیی وڵاتانی ئەو سەردەمی ئووروپا و بەتایبەت فەرانسە لە هاتنەسەرکاری خومەینی کە ڕێگەی ئاسان کرد کە خومەینی هێژمونی خۆی زۆرتر زاڵ بکات. هاوکات ئاماژەی بە دیمەنی ژێئۆپۆلیتیکی ئەمڕۆ دا کە کورد دەتوانێت چ هەنگاوێکی سیاسی و ستراتێژی کۆنکرێت بۆ دەستەبەرکردنی پشکێکی ڕاستەقینە لە دەسەڵاتدا بنێت، بۆ ئەوەی ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو توندوتیژییە بکات کە لە ساڵی ١٣٥٨ ئەزموونی کرد.
بەشی دووەمی سێمینارەکە تایبەت کرا بە گفتوگۆ لەلایەن بەڕێوەبەری بەرنامە و کۆڕگێرەکان کە زۆرتر باس لە فتوای جیهادی خومەینی و هەروەها ئەو ڕێکارانەی ئەمڕۆ کە دەکرێ بگیرێنە بەر بۆ بەیاساییکردنی ئەو کەیسە لە ئاستی نێودەوڵەتی، ڕۆڵی کورد لە ژێئۆپۆلیتیکی ئەمڕۆی نەزمی نوێی جیهانی کە وەک کارتێکی بەهێز بێت و هەروەها چۆن ناوەندە مافی مرۆڤی و مەدەنییەکان دەتوانن لە ڕێی بەڵگە و ناوەندێکی هاوبەش پێکەوە بتوانن فتوای جیهادی خومەینی دووبارە زیندوو بکەنەوە و وەک تاوانێکی دیکە لە تاوانەکان دژی کوردستان بناسرێت.
بەشی کۆتایی سێمینارەکە تایبەت بە پرسیار و تێبینیی بەشداران بوو.