کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی پێشێلکارییە مافی مرۆییەکان لە کوردستان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا

15:22 - 3 خەرمانان 2726

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا و لە درێژەی ڕەوتی پێشێلکارییە مافی مرۆییە زەقەکانی ڕێژیم لە کوردستان، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە تەقەکردنی ڕاستەوخۆ، دەسبەسەرکردن، لێدان و سەپاندنی سزای قورس بەسەر هاووڵاتییاندا بەردەوامن.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی هەنگاو، سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ١ی خەرمانان، دوو لاوی کورد و لە بەندکراوانی سیاسیی پێشووی خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی سۆران مەحموودی و محەممەد دانشمایە ناسراو بە "محەممەد بێوەفا" هاوڕێ لەگەڵ لوقمان سەیده خەڵکی پەسوێ لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزەکانی ڕێژیم بۆ سەر ماڵەکانیان دەسبەسەرکراون و بۆ شوێنی نادیار گواستراونەتەوە.

شایانی باسە سۆران مەحموودی پێشتر لە ڕەزبەری ١٤٠٢دا دەسبەسەر کرابوو و دوای تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی نەغەدە گواسترابووەوە.

 ناوبراو بە دانانی بارمتەی قورسی ٣ میلیارد تەمەنی بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرا و دواتر بە تۆمەتی «ئەندامەتی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە دژبەرەکانی ڕێژیم» بە ٣ ساڵ بەندکران سزا درابوو.

هەروەها محەممەد دانشمایەش لە ساڵی ١٤٠٢، دەسبەسەر کرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی هەمان ڕێکخراو، سێ ئەندامی بنەماڵەیەکی شاری دیواندەرە لەوانە ژنێک و منداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵ بە ناوەکانی مریەم مورادیان، سیرووس حەمیدی و کوردیا حەمیدی (کچی ئەم ژن و مێردە)، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواستراونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١ی خەرمانان، ئەمین ناسری، هونەرمەند و گۆرانیبێژی خەڵکی شارۆچکەی ئاسمان ئاباد و دانیشتووی شاری چەرداوڵ لە پارێزگای ئیلام و تەمەن ٢٧ ساڵان، دوای ئەوەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم تەقەی ڕاستەوخۆی لێ دەکەن و بریندار دەبێت، دەسبەسەر کراوە.

بەوتەی شایەتحاڵان، ژمارەیەکی زۆر لە ماشینەکانی هێزەکانی ڕێژیم لەکاتێکدا تەقەیان لە ئەمین ناسرییان لە تەنیشت جادەکەدا کردووە کە بە تەواوی گەمارۆ دراوە.

لە ئاکامی تەقەکردن لەو هاووڵاتییە، گولـلە بەر قاچ و پشتی کەوتووە و بەسەختی بریندار کراوە.

شایانی باسە ناوبراو پێشتریش لەپەیوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا بڕیاری دەسبەسەرکرانی درابوو.

هەروەها لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لانیکەم ٥ هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی شنۆ و نەغەدە بە ناوەکانی سەعدوون داستاری، ڕەحمان ئازەرەخش، سەنعان فەراسەتی، سەلام (شاهین) ئازەری و مەولوود ڕووستا، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، یەکێک لە دەسبەسەرکراوان بە بارمتە ئازاد کراوە، بەڵام چوار کەسی دیکە تا ئێستا لە چارەنووسیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

لەو پێوەندییەدا، دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم، سزای نامرۆڤانەی لێدانی قامچیی بەسەر دوو چالاکی ژنی کورد و خەڵکی شاری قوروە بەناوەکانی نێدا دەدەجانی و ستایش "بێهنووش" سەرابی لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانباردا سەپاند، کە لە لقی جێبەجێکردنی سزاکانی بەناو دادگاکانی ڕێژیم لە قوروە جێبەجێ کرا و دواتر هەردووکیان بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکرانەکەیان، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواسترانەوە.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، عەلیڕەزا سەیدی، مێردمنداڵی ١٦ ساڵانی کورد و قوتابیی تیزهووشان و تاقە کوڕی خێزانەکەی کە لە شەوی ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، لە بەردەم فەرمانداریی شاری قودس "قەڵای حەسەن خان" بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بریندار کرابوو، گیانی لەدەست دا.