کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كۆچی دوایی پێشمەرگەیەكی پێشووی حیزب لە سەردەشت

17:32 - 3 خەرمانان 2726

ڕۆژی دووشەممە ٢ی خەرمانانی ١٤٠٥،  كاک عەزیز ڕەشیدی پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکرات و خەڵکی ئاوایی دولکانی سەر بە ناوچەی ئالان و کەسایەتیی خۆشناوی شاری سەردەشت، نەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.

ناوبراو لە بنەماڵەیەكی هەژار و دەستكورت لە دایک بوو، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی نەدارییەوە هەلی خوێندنی بۆ نەڕەخسا، بەڵام هەموو کات هەوڵی فێربوون و خۆپێگەیاندنی دەدا.

ناوبراو خاوەن هەستێکی شۆڕشگێڕانە و نیشتمانپەروەرانە بووە و هەر بەو هۆیەوە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ٥٧دا و ڕاگەیاندنی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکرات، پێوەندیی تەشکیلاتی بە حیزبەوە گرت و وەک ئەندامێکی هەڵسووڕ و چالاک، ئەرکە حیزبییە پێئەسپێردراوەکانی بەوپەڕی دڵسۆزییەوە بەجێ دەگەیاند.

دواتر ناوبراو بووە پێشمەرگە و هەتا ساڵی ٦٤ی هەتاوی وەک پێشمەرگەیەکی ئازا لە دەیان چالاکیی پێشمەرگانەدا بەشداری کردووە.

دواتر لەسەر ئیزنی حیزب و لە ساڵی ٦٤ بەهۆی هەژاریی بنەماڵەکەیەوە چووەوە نێوخۆ و سەرەڕای ئەوەش هیچکات دڵی لە خەبات و شۆڕشی ڕەوای گەلەکەی سارد نەبوویەوە و وەفادار بە ڕێبازی پڕسەروەریی حیزبی دێموکرات مایەوە.

تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەی ئالاندا بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.