بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان، عەلی پیشەوەرزادە، یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ لە ڕەشت، لەلایەن دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمەوە، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنردرا.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەم سزایە لەلایەن لقی ٢ی بەناو دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە ڕەشت بە سەرۆکایەتیی "محەممەدعلی دەرویشگوفتار" دەرکراوە.
عەلی پیشەوەرزادە کە لە دەیەی ٩٠دا ئەندامی گرووپێکی ڕزگارکەر (نەجات غەریق) لە گیلان بووە، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی بەفرانباردا دەسبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی لاکانی ڕەشت گواسترایەوە.
هەتا ئێستا لە تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی ئەو بەندکراوە و وردەکارییەکانی پرۆسەی لێکۆڵینەوەی دۆسییەکەی لەلایەن ئەو ناوەندانەی ڕێژیمەوە بەفەرمی ڕانەگەیەندراوە.
هەروەها هیچ زانیارییەکی ڕوون لەبارەی دەستڕاگەیشتنی ناوبراو بە پارێزەری هەڵبژێردراو لە قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە و دادگادا بوونی نییە.
ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤، سەرەتا لە بازاڕی گەورەی تارانەوە دەستی پێکرد و دواتر بوون بە زنجیرەیەک ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی بەربڵاو لە سەرانسەرى ئێران و بۆ زۆربەی شارەکانی دیکەی ئێران بەخێرایی پەرەی سەند.
ئەم ناڕەزایەتییانە بەهۆی قەیرانی قووڵی ئابووری، بێ بەهابوونی دراوی ڕیاڵ لە بەرانبەر دۆلار و خراپیی بارودۆخی گوزەرانی خەڵکەوە سەریان هەڵدا و تێیدا دروشمی توند و ساختارشکێەن دژ بە ڕێژیمی تاران درا.
بەپێی ئامارەکان لەو خۆپیشاندانەدا، نزیک بە ٦٠ هەزار هاووڵاتی لە سەرانسەری ئێران و کوردستان بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کوژران و هەزاران کەسیش بریندار و کەمئەندام بوون یان لە سێدارە دران.