هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە "ئاسمانئاوا"ی سەر بە پارێزگای ئیلام، سێ هاووڵاتیی کوردیان بە ناوەکانی "یوونس بەکری"، "ڕوحوڵڵا غوڵامی" و "یاسر هەواسیزادە" بە توندوتیژی دەسبەسەر کرد و بۆ شوێنی نادیاریان گواستنەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، ئێوارەی دووشەممە ٢ی خەرمانان، هێزەکانی ڕێژیم بە هەشت ماشین ناوچەی "پیرحەمزە"یان گەمارۆ داوە و یاسر هەواسیزادەیان لە ناو ئۆتۆمبێلەکەی خۆیدا دەسبەسەر کردووە.
تەنیا یەک ڕۆژ پێشتریش، لە ۱ی خەرمانان، ڕوحوڵڵا غوڵامی لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بۆ سەر شوێنی کارەکەی دەسبەسەر کراوە.
لەلایەکی دیکەوە، یوونس بەکری، هاووڵاتیی خەڵکی ئاسمانئاوا لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە لە سەراوڵەی پارێزگای ئیلام دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنی نادیار گواسترایەوە.
ئەو سێ هاووڵاتییە بەشێوەی سەرەڕۆیانە و بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.
هەروەها سەرباری بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکانیان، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، تۆمەتە پاڵدراوەکان و شوێنی ڕاگرتنی ئەم سێ هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.