کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ سێناتۆر و ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا ئەنجام دا

11:46 - 5 خەرمانان 2726

لە چوارچێوەی چالاکییە دیپلۆماسییە بەردەوامەکان لە واشینگتۆن، شاندێکی هاوبەشی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران (پێکهاتوو لە نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران ) لە دوو ڕۆژی ٢٩ و ٣٠ی گەلاوێژدا، زنجیرەیەک کۆبوونەوەی بەرچاو و چڕیان لەگەڵ ستاف و ڕاوێژکارانی ئەنجومەنی سێنات و کۆنگرێسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجام دا.

لە ماوەی پشووی هاوینەی ئەندامانی کۆنگرێسدا، شاندی هاوپەیمانی ئەم دەرفەتەی قۆستەوە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ستافی داڕشتنی ڕێباز و پلانەکانی ئۆفیسی سێناتۆر و ئەندامانی کۆنگرێس بە مەبەستی جێگیرکردنی پرسی کورد و بەرچاوڕوونی لەسەر دۆخی ئێستا.
لە کۆبوونەوەکاندا، نوێنەرانی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلیان پێشکەش بە ڕاوێژکارانی کۆنگرێس کرد، کە تێیدا تیشک خرایە سەر ئەم بابەتانە:
دۆخی مافی مرۆڤ: خستنەڕووی ڕاپۆرتێکی گشتگیر لەسەر پێشێلکاریی بەردەوامی مافەکانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە.
تێڕوانین و بەرنامەی هاوپەیمانی: ڕوونکردنەوەی هەڵوێست، بەرنامە و بەستێنی هاوبەشی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بۆ گۆڕانکاریی دێموکراتیک لە وڵاتدا.
پێویستیی ئاڵتەرناتیڤی دێموکراتیک: جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی دەستپێشخەریی ئەمریکا بۆ پاڵپشتیکردنی ئاڵتەرناتیڤێکی گشتگیری ئۆپۆزسیۆنی ئێران، بە مەبەستی هاندانی خەڵک بۆ سەرهەڵدان و کۆنتڕۆڵکردنی ئیدارەی وڵات لە قۆناغی گواستنەوەدا.
کۆبوونەوەکان لەگەڵ ستافی باڵای ئەم سێناتۆر و ئەندامانەی کۆنگرێس ئەنجام دران:
سێناتۆرەکان:
مارک کێلی (Mark Kelly)
ماریا کانتوێڵ (Maria Cantwell)
ڕاجێر مارشاڵ (Roger Marshall)
دان سولیڤان (Dan Sullivan)
جان کێنێدی (John Kennedy)
ئەندامانی کۆنگرێس:
دۆناڵد جەی دەیڤیس (Donald G. Davis)
نیکێما ویلیامز (Nikema Williams)
ڕایان مەکێنزی (Ryan Mackenzie)
پێت سەشنز (Pete Sessions)
ڤێرجینیا فۆکس (Virginia Foxx)
جەیمس کلیبێرن (James Clyburn)
ستافی ئۆفیسەکانی کۆنگرێس و سێنات پێشوازییان لە تێڕوانین و ڕاپۆرتەکانی شاندی هاوپەیمانی کرد و وڵامی پرسیارەکانیان لەسەر ئایندەی سیاسیی ئێران و ڕۆڵی نەتەوەکان دایەوە. ئەم دیدارانە بەشێک لە بزووتنەوەی دیپلۆماسیی بەردەوامی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانن لە واشینگتۆن بۆ ڕاکێشانی پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ تێکۆشانی ڕەوای خەڵکی کوردستان.