بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان، چەند هاونیشتمانییەکی دیکە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و هاووڵاتییەکی دیکەش بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی بۆ بەندیخانەی بۆکان ڕاگوێزراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ٤ی خەرمانان، هێزە سەرکەتکەرەکانی ڕێژیم هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی پەری سامانی و ڕۆیا سامانی، دوو خوشکی خەڵکی مەهاباد و دوای پشکنینی ماڵەکەیان، دەستیان بەسەر کەلوپەلە ئێلێکترۆنییەکانیاندا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.
بە وتەی کوردپا، هێزەکانی ڕێژیم بەبێ بەڵگەی یاسایی دەستیان بەسەر مۆبایل و لەپتاپی ڕۆیا سامانی و مۆبایلی پەری سامانیدا گرتووە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی دیکەی کوردپا، «ئەفشین تەوەسولی»، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد و تەمەن ٥٠ ساڵان، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٤ی خەرمانانی ١٤٠٥، بە هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە، بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، مەنسوور کەربەلایی هاووڵاتیی تەمەن ٣٠ ساڵان و خەڵکی گوندی سەرچنار سەر بە میاندواو دوای دەسبەسەرکرانی لەناکاو و بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکرانەکەی، ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان کراوە.
ناوبراو پێشتر لە خەزەڵوەری ۱۴۰۴دا لەلایەن لقی ١ی بەناو دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە مەهاباد، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە حیزبە دژبەرەکانی ڕێژیم" سزای ۱۰ ساڵ و ڕۆژێک بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی هەنگاو، لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا کامران جانگولی خەڵکی لە شنۆ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.