کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی دوو هاووڵاتیی دیکە لە مەهاباد و ئیلام

12:54 - 6 خەرمانان 2726

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی هەنگاو، دوو هاووڵاتی بەناوەکانی عەلی ڕەسووڵنژاد خەڵکی مەهاباد و میلاد عەلایینەسەب خەڵکی دەڕەشاری ئیلام لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٤ی خەرمانانی ١٤٠٥، عەلی ڕەسووڵنژاد، هاووڵاتیی تەمەن ٣٢ ساڵی خەڵکی مەهاباد لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران بۆ سەر شوێنی کارەکەی دەسبەسەر کراوە.

بە وتەی ئەو ڕێکخراوە، ئەم هاووڵاتییە بەبێ بەڵگەی یاسایی و لە دووکانی خۆیدا دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنی نادیار گواستراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی دیکەی هەنگاو، سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی خەرمانان، میلاد عەلایینەسەب‌، هاووڵاتیی خەڵکی دەڕەشاری ئیلام لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆ سەر ماڵهکەی دەسبەسەر کراوە.

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە بەبێ پیشاندانی بەڵگەی یاسایی و بە بەکارهێنانی توندوتیژیی بووە.

شایانی باسە هەتا بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکران، تۆمەتە وەپاڵدراوەکان و شوێنی ڕاگرتنی ئەم دوو هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەیان لەم پەیوەندییەدا بێئاکام ماوەتەوە.