کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردپا: لە یەک مانگی ڕابردوودا بە شێوەی نێونجی لە ڕۆژێکدا ٢ هاووڵاتی لە کوردستان دەسبەسەر کراون

10:17 - 7 خەرمانان 2726

بەپێی ئاماری مانگانەی کوردپا، لە ٢ی گەلاوێژ تا ٢ی خەرمانانی ١٤٠٥، لانیکەم ٦٢ هاووڵاتیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەی سەرەڕۆیانە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.

لە سەرجەم ٦٢ هاووڵاتیی دەسبەسەرکراو، زۆربەی دەسبەسەرکردنەکان بەپێی ڕیزبەند لە شارەکانی: بۆکان ٩ کەس، مەهاباد ٨ کەس، مەریوان ٧ کەس، پیرانشار ٦ کەس، ئیلام ٦ کەس، میاندواو ٥ کەس، شنۆ ٥ کەس، ورمێ ٤ کەس، کامێران ٤ کەس، دیواندەرە ٣ کەس، سنە ٢ کەس، نەغەدە ١ کەس، تیکاب ١ کەس و کۆتۆل ١ کەس تۆمار کراون.

لە نێوان دەسبەسەرکراواندا، ٥ ژن و ٢ مێرمنداڵی ژێر ١٨ ساڵیش هەن.

هەروەها لە نێوان ئەم کەسانەدا، ٥ بەندکراوی سیاسیی پێشوو، ٤ چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێز، ٤ ئەندامی بنەماڵەی چالاکانی سیاسیی دەرەوەی ئێران، ٢ گۆرانیبێژ و هونەرمەند، خوێندکارێکی بواری یاسا، ئەندامێکی بنەماڵەی شەهیدانی بەفرانبار، ئەندامێکی ئەنجومەنەکانی شار، چالاکێکی میدیایی و ئەندامانی ڕێکخراوە خێرخوازییەکان هەیە.

دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی هاووڵاتییان لە شارە جیاوازەکانی کوردستان بە شێوەی ڕۆژانە بەردەوامە؛ بەجۆرێک کە لەو ماوەیەدا کە لێکدانەوەی بۆ کراوە، بە تێکڕا ڕۆژانە لانیکەم دوو هاووڵاتی دەسبەسەر کراون.

بەردەوامیی ئەم دەسبەسەرکردنانە بە ژمارەی بەرزی دەسبەسەرکراوان، نیشاندەری ڕەوتێکی بەردەوام، سیستماتیک و نیگەرانکەرە.

هەڵکوتانی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵی هاووڵاتییان، دەسبەسەرکردن و گواستنەوەیان بۆ شوێنی نادیار، بەبێ دەستڕاگەیشتنی خێرا بە پارێزەر و بەبێ ئەگەری چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە، بووەتە کارێکی ئاسایی لە ڕەوتی دەسبەسەرکردنەکاندا.

بە سەرنجدان بە سەرکوتکردنی ئازادیی ڕادەربڕین لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران و نەبوونی میدیای ئازاد و سەربەخۆ، کوردپا جەخت دەکاتەوە کە ئەم ئامارە هەموو حاڵەتەکانی دەسبەسەرکردن لەم ماوەیەدا ناگرێتەوە، بەڵکوو تەنیا ئەو حاڵەتانە دەگرێتەوە کە لەلایەن کوردپاوە تۆمار و پشتڕاست کراونەتەوە و ڕەنگە ژمارەی ڕاستەقینەی دەسبەسەرکراوان زیاتر لەمە بێت.

لە کۆتایی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە "ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی کوردپا شەپۆلی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی هاووڵاتییانی کورد بە توندی شەرمەزار دەکات و جەخت دەکاتەوە کە کۆماری ئیسلامی بە بەردەوامبوونی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و بەربڵاو لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا، کەشوهەوای خنکێنەر و تۆقاندنی توندتر کردووەتەوە و سەرکوتی سیستماتیکی هاووڵاتییان بەردەوام دەکات".