کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەرچوونی سزای سێدارە بۆ زیاتر لە ۱۰ خۆپیشاندەر لە ئێران

10:44 - 7 خەرمانان 2726

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ڕایانگەیاند دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە کەرەج سزای سێدارەی بەسەر ڕەزا زەنگەنە، بەندکراوی تەمەن ۲۷ ساڵەی خەڵکی مەلایەر و دانیشتووی مەخلووقی ملارددا سەپاندووە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو" ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو کەسە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ مووساد" و "موحاربە" سزا دراوە، لەکاتێکدا بنەمای تۆمەتەکەی تەنیا پیشەکەی و گەشتە کارییە دەرەکییەکانی پێشووی بووە.

لەلایەکی دیکەوە، کانوونی مافی مرۆڤی ئێران بڵاوی کردەوە کە ١٧ کەس لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی ١٤٠٤ لە بەندیخانەی وەکیل‌ئابادی مەشهەد ڕاگیراون و بۆ ۱۰ کەسیان سزای سێدارە دەرچووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئەم کەسانە لە ڕێگەی پێداچوونەوەی ڤیدیۆکانەوە ناسراونەتەوە و دەسبەسەر کراون.

هەر وەک ئاماژەی پێکراوە، بنەماڵەی ئەم بەندکراوانە لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە خراونەتە ژێر گوشارێکی زۆرەوە تا هیج زانیارییەک نەدرکێنن.

ئەو ڕاپۆرتانە لەکاتێکدایە کە دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ سەبارەت بە دەرچوون و جێبەجێکردنی سزای سێدارە بۆ خۆپیشاندەران و تۆمەتبارانی دۆسییە سیاسی و ئەمنییەتییەکان لە ئێران هۆشدارییان داوە.