بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی هەنگاو، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی ڕازییە(ڕۆئیا) هاشمی و مەولوود ڕووستا خەڵکی شنۆ دوای دەسبەسەرکرانیان لەسەر چارەنووسیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، ڕازییە (ڕۆئیا) هاشمی، پارێزەر و خەڵکی شاری ئاودانان سەر بە پارێزگای ئیلام، لە سێ ڕۆژ ڕابردووەوە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە.
شایەنی باسە سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ لە کاتی دەسبەسەرکرانی ڕازییە هاشمی بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە بە مەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی ناوبراو تا ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی دیکەی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ۴ی خەرمانان هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی «حەسەن نووران» سەر بە شاری شنۆ بە ناوی مەولوود ڕووستا، بۆ دووەمین جار لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دەسبەسەر کراوە.
هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە، مەولوود ڕووستا بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ۲ی خەرمانان بەبێ بەڵگەی یاسایی و لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەی دەسبەسەر و پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە بەشێوەی کاتی ئازاد کراوە.
سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ لە کاتی دەسبەسەرکرانی ئەم دوو هاووڵاتییە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەسبەسەرکران، تۆمەتی وەپاڵدراویان و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.