کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٥ هاووڵاتیی مەریوانی بەشێوەی بەکۆمەڵ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران

15:47 - 7 خەرمانان 2726

بەپێی زانیارییەکان، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە ٧ی خەرمانان، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، ٥ هاووڵاتیی خەڵکی ئاوایی سەردۆش سەر بە ناوچەی بەری بەگزادەی مەریوانیان بەشێوەی توندوتیژانە و سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کرد.

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە بەشی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتووە، کاتژمێر ٥ی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، هێزێکی زۆری ڕێژیم بە چەندین ماشینەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر ئاوایی سەردۆش لە ناوچەی بەری بەگزادەی مەریوان و بە بیانووی کار و کاسبی لەسەر سنوور و بە وتەی ئەو هێزانەی ڕێژیم "سنووربەزاندن" ۵ هاووڵاتییان دەسبەسەر کردووە.

شوناسی ئەو دەسبەسەرکراوانە بریتییە لە؛ ئازاد نەوزەری، زانیار توانا، پوویان کاکەمحەممەدی، زانیار قادری و شێرزاد عەبدی.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو هاووڵاتییانە دوای دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەیان، بۆ بەندیخانەی شاری مەریوان ڕاگوێزراون.

شایانی باسە ڕەوتی دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییان لە شارەکانی کوردستان لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، پەرەی سەندووە و هەر لەو پێوەندییەدا  بەرەبەیانیی پێنجشەممە ١٥ی گەلاوێژی ١٤٠٥، شەش هاووڵاتیی خەڵکی شارەدێی نێی مەریوان بە ناوەکانی «زانیار ئەسوار»، «ئاریا مەعرووفی» و «پشتیوان تاتار»، «سامان خوسرەوی»، «هاوڕێ پەروازە» و «سارۆ ڕەوشەنی»  بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە و بەکۆمەڵ لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە.